خەڵك-
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، پڕۆسەی دەست بەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتا و جام ڕەشەكان تا ئەو كاتەی دیاردەكە بنەبڕ دەكرێت بەردەوام دەبێت، دەشڵێت: “هاووڵاتیان بەسوپاسەوە زۆر بە باشی بەدەنگ بانگەوازەكەی هاتووچۆوە هاتوون و ئەمڕۆ كەمترین سەرپێچی كراوە “.
بەهمەن عەبدووڵا، ئەفسەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، هەڵمەتی دەست بەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی جام ڕەش و بێ سەرەتا بەردەوام دەبێت لەهەموو شار و شارۆچكەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی تا ئەو كاتەی هەست بە بنەبڕكردنی پڕۆسەكە دەكرێت.
وتیشی، “ئەوەی جێگەی خۆشحاڵیە ئەمڕۆ كەمترین سەرپێچی كراوە لەو جۆرە دیاردانەی پێشتر نیگەڕانی هاووڵاتیانی لێكەوتەوە، لە جام ڕەشكردن و گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێلەكان، وەك ئەوەی پێشتر ڕێنماییمان بڵاوكردەوە بەدەنگەوە چوونی باش هەبووە”.
ڕاشیگەیاند، ئەو شۆفێرانەی پێشتر جامی ئۆتۆمبێلەكانیان ڕەش كردبوو ئێستا بەبێ هیچ سزایەك ئۆتۆمبێلەكانیان خستەوە سەر باری ئاسایی خۆی و زۆرێك لە هاووڵاتیان پابەندی ڕێنماییەكان بوون.