سەردێر

بەهۆی گەشتی ژمارەیەك بەرپرس، دابەشكردنی مووچە دوادەكەوێت

خەڵك-

بەهۆی گەشتی ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران دوادەكەوێت.
هەرچەندە حكومەتی هەرێم بڕیاریدابوو 25ی هەموو مانگێك مووچە دابەش بكرێت، بەڵام بۆ ئەم مانگە تا ئێستا هیچ بڕیارێك لەسەر دابەشكردنی مووچە و چۆنێتی خەرجكردنی لە ئارادا نییە.

بەپێی زانیاریەكانی خەڵك، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ژمارەیەك لە وەزیرەكانی حكومەتی هەرێم لە دەرەوەی وڵاتن و تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران كە بڕیار بوو ئەمڕۆ یەك شەممە ئەنجام بدرێت بۆ ڕۆژی چوار شەممە دواخراوە.

بەپێی زانیارییەكان، لە كۆبوونەوەی ڕۆژی چوار شەممە، بڕیاری یەكلاكەرەوە لەسەر چۆنێتی دابەشكردنی مووچە و ڕێژەی لێبڕین دەدرێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەست (خەڵك) كەوتوون، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار لەسەر كەمكردنەوەی لێبڕینی مووچە یان نەهێشتنی لێبڕین دەدات، چونكە پارەی پێویست لەبەردەستە بۆ دابەشكردنی مووچە بە هەردوو جۆری لێبڕینی لە٪٢١و بەبێ لێبڕین.

سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە، دابەشكردنی مووچەی مانگی تەموز بە لێبڕینی لە ٢١٪ نابێت، بەڵام دیاریكردنی بڕی لێبڕینەكە ئەنجوومەنی وەزیران لەدوای تاوتوێكردنی داهاتی خۆی بڕیاری لێدەدات.

ئاشكراشیكرد، ئەمڕۆ مووچە دابەش ناكرێت تاوەكو ئەنجوومەنی وەزیران كۆدەبێتەوە و دابەشكردنی مووچە ڕەنگە چەند ڕۆژێك دوابكەوێت.