سەردێر

پارێزگایەكی دیكەی هەرێم زەنگی مەترسی هەڵكشاندی كۆرۆنای لێدا

خەڵك
بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە زەنگی مەترسی لە بەرامبەر زیادبوونی حاڵەتەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لێدەدات و ڕایدەگەیەنێت، لەماوەی 5 ڕۆژی ڕابردوودا 5 هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و كۆی ئەو نەخۆشانەش كە ئێستا لەنەخۆشخانە و ماڵەوەشدا چارەسەر وەردەگرن دۆخی تەندروستیان ناجێگیرە.

د. شوان عومەر، بەڕێوبەری نەخۆشخانەی وەفا لەلێدوانێكدا بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، دۆخی تووشبوون بەكۆرۆنا لە پارێزگای هەڵەبجە ناجێگیرە و ژمارەیەكی فراوان لە هاووڵاتیان تووشبوون لە ئێستادا لە ماڵەوەن و 20 نەخۆش لە نەخۆشخانەكەدا داغڵكراون و باری تەندروستی سەرجەمیان ناجێگیرە.
ڕاشیگەیاندووە، ئەگەرێكی زۆر هەیە بەشێكی زۆر لەوانەی كە تووشبوون لە جۆرە نوێیەكە بێت كە بە دێڵتا ناسراوە، لەبەر ئەوەی ئامێری تایبەت بە پشكنینی ئەو جۆرەمان نییە لە ئێستادا دەستنیشانی ئەو جۆرە ڤایرۆسە بكەین بەڵام پێشبینی دەكەین زۆربەیان ئەو جۆرەبێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە هاتنی ژمارەیەكی فراوان لە گەشتیار بەتایبەت لە ناوەڕاست و باشوری عێراق هۆكاری بەرز بوونەوەی ئامارەكانە، هەروەها لە كۆی زیاتر لە 60 هەزار دانیشتووی سەنتەری پارێزگاكە تەنها هەزار و 500 كەس ڤاكسینیان وەرگرتووە.

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان تا ئێستا 154 هاووڵاتی لە هەڵەبجە بە ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە، بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا لیژنەی باڵای ڕوو بەڕوو بوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەهەرێم كۆبێتەوە و ڕێكارە نوێیەكان ڕابگەیەنێت.