سەردێر

جۆرێكی دیكەی كۆرۆنا لە بەریتانیا سەریهەڵدا

خەڵك-
ئاژانسی تەندروستی گشتی لە بەریتانیا لە زاری زانایانەوە ئاشكرای دەكات، كە جۆرێكی گۆڕاوی دیكە لە زنجیرە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە بەریتانیا سەریهەڵداوە.

ڕۆژنامەی (میرەر)ی بەریتانی لە زاری شارەزایانەوە بڵاویكردەوە، جۆرێكی گۆڕاوی دیكە لە زنجیرە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە بەریتانیا سەریهەڵداوە و پێی دەوترێت جۆری گۆڕاوی (B.1.621) و تەواوی وڵاتەكەی گرتۆتەوە.

ئاشكرای كردووە، تا ئێستا 16 حاڵەتی تووشبوو بەو جۆرە گۆڕاوە نوێیە تۆماركراوە و زۆرینەیان بەهۆی گەشتكردنیان بۆ دەرەوەی وڵات تووشی بوون.

لای خۆیانەوە، پزیشكان لە ئاژانسی تەندروستی گشتی (PHE)ی بەریتانی ڕایانگەیاندووە، دەستیان كردووە بە تاقیكردنەوە لەسەر ئەو جۆرە گۆڕاوەی كۆرۆنا (سارس و كۆڤید2) تاوەكو لە كاریگەری گۆڕانی جینەكان و ڕەفتاری ڤایرۆسەكە تێبگەن و بزانن كاریگەرییەكانی چیین.

ئەو پزیشكانە وتویانە، “تا ئێستا بەتەواوی نەگەیشتووینە ئەو بڕوایەی ئەو جۆرە گۆڕاوە نوێیە بەهۆی ڤاكسینەكانەوە كاریگەرییەكەی كەم دەبێتەوە یان نا”.

لە ئێستا ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جۆری گۆڕاوی (دەلتا)، كە بۆ یەكەمجار لە هندستان دەركەوت زۆرترین ڕێژەی بڵاوبوونەوەی هەیە لە جیهاندا.