سەردێر

لە مێرگەپان و شارەزوور 5 كەس دەستگیر كران.

خەڵك-
لە ناوچەی گەشتیاری مێرگەپان 4 كەس لەسەر سەرپێچی دەستگیر كران و لە گوندێكی ناوچەی شارەزووریش ئاگر كەوتەوە و 5 دۆنم پووش و پاوان سووتان و تۆمەتبارێكیش لەسەر ئەو ئاگركەوتنەوەیە دەستگیر كرا.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەدێژەی كار و چالاكیەكانیاندا بنكەی‌ پۆلیسی دارستانی مێرگەپان لەپێناو پاراستنی سروشت و ژینگەی سنورەكەیان و ڕێگریكردن لەدیاردەی نایاسایی و كاری زیادەڕۆیی، لەئەنجامی‌ چەند دەرچوونێكیان لەسنوری مێرگەپان توانیان ( ٤) سەرپێچیكار دەستگیر بكەن .

ڕاشیگەیاندووە، پەڕاوی لێكۆڵینەوە ڕێكخراوە و ڕادەستی دادوەر كراوە بۆ وەرگرتنی ڕێكاری یاسایی.

ئاماژەی بەوەشكردووە، دوای ئەوەی ئاگادار کرانەوە بە بوونی ئاگرێک لە سنوری گوندی (کانی هەنجیر)ی سەر بە ناحیەی وارماوا ، مەفرەزەیەك لە کارمەندانی بنکەی پۆلیسی دارستانی وارماوا گەیشتنە شوێنی دیاریکراو و بە هاوکاری دانیشتوانی گوندەکە لە ماوەیەکی کەمدا توانیان ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن .

ئاشكراشی كردووە، بە تۆمەتی کەوتنەوەی ئاگرەکە هاووڵاتیەك دەستگیر کراوە و زیانی كەوتنەوەی ئاگرەكە سووتانی 5 دۆنم پووش و پاوان و چەندین داری سروشتی بووە.