سەردێر

لێدوانی جیاواز لەسەر مووچە و ڕێژەی لێبڕین بڵاودەكرێتەوە

خەڵك-

هەرچەندە حكومەتی هەرێم پێشتر ڕایگەیاندبوو، كە ئەگەر پارەی مووچە لە بەغداوە بێت لێبڕینی مووچە نامێنێت، بەڵام زیاتر لە هەفتەیەكە 200 ملیار دینار هاتووە و تا ئێستا هیچ بڕیارێك نەدراوە و سۆشیال میدیا و بەرپرسانی پارتی و یەكێتی زانیاری و لێدوانی جیاواز لەسەر ڕێژەی لێبڕینی مووچە بڵاودەكەنەوە.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) ئەنجوومەنی باڵای ئابووری لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم كۆدەبێتەوە و بڕیار لەسەر دابەشكردن و لێبڕینی مووچەی فەررمانبەران دەدات.

میدیاكانی یەكێتی لە زاری سەرچاوەیەكی وەزارەتی دارایی و ئابووری ھەرێم-ەوە بڵاویانكردۆتەوە، “لە ئێستادا كە ٢٠٠ ملیار دینارەی لە بەغدادەوە خراوەتەسەر ئەژماری وەزارەتی دارایی و نرخی نەوتیش بەرزە و داھاتی ناوخۆش زیادی كردووە، ئێستا داھاتی پێویست لەبەردەستە بۆ ئەوەی لێبڕینی مووچە كۆتایی پێبھێنرێت”.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشكردووە،، بڕیارە سبەینێ ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان كۆببێتەوە، تەوەرێكی كۆبوونەوەكەش تایبەتە بە پرسی لێبڕینی مووچە، بەپێی داھات بڕیار لەسەر كەمكردنەوە یاخود ھەڵگرتنی لێبڕینی مووچە دەدرێت.

هەروەها هەندێك سۆشیال میدیای تری نزیك لە یەكێتی نووسیویانە، “پێدەچێت كۆبوونەوەی سبەینێی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ مووچە نەكرێت و ئەمڕۆ حكومەت بڕیاری كۆتایی لەسەر مووچە بۆ وەزارەتی دارایی بنێرێت”.

هاوكات، میدیاكانی پارتی بڵاویانكردۆتەوە، بە شێوەی نافەرمی گەنجینەكان بە ژمێریاری فەرمانگەكانیان ڕاگەیاندووە لیستی مووچە بە لێبڕینی 21% بۆیان بنێرن، هەرچەندە ڕێژەی لێبڕین بە فەرمی دیاری نەكراوە و ئەگەری كەم كردنەوەی بۆ 10% هەیە.

وەك میدیاكانی پارتی لەزاری سەرچاوەكانی دارایی و گەنجینەوە ئاماژەیان پێ‌ كردووە، “لە 25ی مانگ مووچە دابەشكردن دەستپێدەكات، دوو ئەگەریش هەیە یان تاوەكو كۆتایی مانگ هەمووی هەموو وەزارتەكان مووچەی مانگی 7 وەربگرن، یان لە دوو هەفتە تەواو بكرێت”.

لای خۆشیەوە، محەمەد سەعدەدین، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی وتویەتی، “لەئێستادا حكومەتی عێراق بڕی ٢٠٠ ملیار دیناری بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە و بەوەش داهاتی هەرێم بۆ ئەم مانگە زیادیكردووە”.

وتوشیەتی، “پێش دابەشكردنی مووچەی ئەم مانگە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بەمەبەستی بڕیاردان لە لێبڕینی مووچە كۆدەبێتەوە، ڕاستە دابەشكردنی موچە لە ٢٥ی مانگ دەستپێدەكات، بەڵام بۆ ئەم مانگە و بەهۆی ئەو گۆڕانكارییە پێدەچێت چەند ڕۆژێكی كەم مووچە دوابكەوێت”.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو داهاتەی هەیە بۆ ئەم مانگە بەشی زیاتر لە تەمویلی ٪٧٩ی مووچە دەكات و ڕێژەی لێبڕین كەمدەكرێتەوە، بەڵام كۆتایی نایەت، بەڵام ئەگەر بەغدا بەردەوام بێت لە ناردنی ٢٠٠ ملیارەكە، لە مانگەكانی داهاتوو حكومەتی هەرێم داهاتەكانی خۆی ڕێكدەخاتەوە و لێبڕینی مووچە كۆتایی دێت.