سەردێر

نەخۆشخانەى فریاکەوتنی سلێمانی بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکرێتەوە

سلێمانی – نزار جەزا

بڕیارە ئەمڕۆ شەممە هەموو ئامادەکارییەکانی کردنەوەی نەخۆشخانەی فریاکەوتن بۆ تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا تەواوبکرێن و بەڕووی نەخۆشاندا بکرێتەوە.

 

سامان لەتیف، وتەبێژی تەندروستی سلێمانی بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، نەخۆشخانەی فریاکەوتن بۆ تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەنێو نەخۆشخانەى فریاکەوتنی ناوشاری سلێمانی ئامادەکراوە بۆ وەرگرتنی نەخۆش.

 

ئەوەشی باسکرد، ئەگەر جێگەی نەخۆش لەنەخۆشخانەکانی دیکە نەما، ئەوا نەخۆشەکان دەگوازنەوە بۆ ئەوێ.

 

باسی لەئەوەشکرد، لەئێستادا نەخۆشخانەکە جێگەی ٤٠ نەخۆش دەبێتەوە.

 

ئاماژەى بەئەوەشدا، تیمی تەندروستی پێویستیان بۆ ئامادەکردووە و هەرکات نەخۆشیان بۆ گواستەوە تیمەکانیش ئامادەن.

 

ڕێژەى تووشبوونی بەڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا ڕووی لەزیادبوون کردووە.

 

بەڕیوەبەری تەندروستی سلێمانی هۆشداریدا و داوای خۆپارێزی توندی لەهاوڵاتییان کرد، چونکە خێرایی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە نوێیەی کۆرۆنا زیاترە لەجۆرەکانی پێشتر.

 

نیشانە سەرەکییەکانی ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا، بریتییە لە هەڵامەتی ئاسایی لەگەڵ و ئازاری گەدە.

 

لیژنەى باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا ئەمڕۆ کۆبووەوە و ژمارەیەک ڕێنمایی بڵاوکردەوە و جەختی لەخۆپارێزی هاوڵاتییان کردەوە.

 

ئەمە لەکاتێکدایە ڕێژەى تووشبوون بەڤایرۆسی کۆرۆنا ڕوو لەهەڵکشانە و ڕێنماییەکانی خۆپارێزیش وەک پێویست جێبەجێناکرێن.