سەردێر

عیراق و هەرێم، نزیكەی 9 هەزار حاڵەتی تووشبوونی نوێ‌ بە كۆرۆنا تۆماركران

 

خەڵك –
وەزارەتی تەندروستی عیراق ڕایدەگەیەنێت، 8905 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە، 8205 كەسیش چاكبوونەتەوە، 66 كەسیش بەهۆی پەتاكەوە گیانیان لەدەستدا.

بەپێی بەیاننامەیەك، كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە بڵاوكرایەوە” لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 34 هەزار و 763 پشكنینی تایبەت بە كۆرۆنا ئەنجامدراوە و دەركەوتووە 8905 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و ئەنجامەكانیان پۆزەتیڤ بوون، ئەمەش بە ژمارەیەكی زۆری تووشبوونی ڕۆژانە بە پەتاكە لە وڵاتدا دادەنرێت.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ”زۆرینەی تووشبووەكان لە بەغدا و بەسرە و دهۆك تۆماركراون، بەجۆرێك كە لە بەغدا 2486 لە بەسرە 848 و لە دهۆك 736 حاڵەتی تووشبوون تۆماركراون”.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”لە سلێمانی 409 حاڵەت و لە هەولێر 453 حاڵەت و لە كەركوك 364 حاڵەتی تووشبوونی نوێ‌ بە كۆرۆنا تۆماركراون”.
وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاماژەی بە چاكبوونەوەی 8205 تووشبووی كۆرۆنا كردووە، كە زۆربەیان لە بەغدا و بەسرە و واست بوون، ویڕای گیان لەدەستدانی 66 كەس بەهۆی پەتاكەوە كە 12 حاڵەتیان لە هەرێمی كوردستان تۆماركراون.