سەردێر

عێراق، بەهۆی پابەندنەبوونی هاووڵاتییان دوور نییە كارەسات ڕووبدات

خەڵك-
وەزارەتی تەندروستی عێراق هۆشداری لە بەرزبوونەوەی ئامارەكانی كۆرۆنا دەدات و ئاشكرایدەكات، بەهۆی پابەندنەبوونی هاووڵاتییان دوور نییە كارەسات ڕووبدات.

سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق لە لێدوانێكیدا ڕایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبوون بە پەتای كۆرۆنا، دۆخەكە مەترسیدارە و دوور نییە بە پابەندنەبوونی خەڵكی بە ڕێكارەكانی خۆپارێزییەوە، كارەساتێكی تەندروستی ڕووبدات.

لای خۆشییەوە هانی عوقابی بریكاری وەزیری تەندروستی عێراق لە پەیامێكدا هۆشداری لە خراپیی دۆخی تەندروستی داوە و ڕایگەیاند، ژمارەیەكی زۆری تووشبووان لە نەخۆشخانەكاندا لەژێر چارەسەردان و باری تەندروستییان ناجێگیرە.

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی عێراق، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا لە عێراق، تاكو ئێستا زیاتر لە یەك ملیۆن و 300 هەزار كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و نزیكەی 17 هەزار كەسیش بە ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە، هەر بەگوێرەی ئامارەكانی تەندروستی تاكو ئێستا نزیكەی 830 هەزار كەس ڤاكسینی كۆرۆنایان پێدراوە.