سەردێر

“كشانەوەی ئەمریكا لە سوریا چارەنووسێكی نادیار و مەترسیدار بۆ كورد دەخولقێنێت”

خەڵك-

ئەندامێكی لیژنەی ناوەندی پارتی یەكێتی سوریای دیموكرات ڕایدەگەیەنێت، كشانەوەی ئەمریكا لە سوریا، كورد پەلكێشی چارەنووسێكی نادیار و مەترسیدار دەكات.

هەڤاڵ عیسا ئەندامی لیژنەی ناوەندی پارتی یەكێتی سوریای دیموكرات لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بابەتی كشانەوەی ئەمریكا لە سوریا بابەتێكی جدییە و ئاشكرایە، ئەگەر سیناریۆی كشانەوەی ئەمریكا لە سوریا وەك ئەفغانستان دووبارە ببێتەوە، دوور نیە كوردەكان ڕووبەڕووی ئاقارێكی نالەبار ببنەوە.

وتیشی”كشانەوەی ئەمریكا لە باكوری سوریا و ڕۆژهەڵاتی فورات، دەرفەت بۆ دەوڵەتی ناوەند دەڕەخسێنێت كە بە یارمەتیی ڕوسیا بێتە باكوور و خۆرهەڵاتی سوریا و دیمەشقیق دیسانەوە بگەڕێتەوە سەر خاڵی یەكەمی قەیراناویی خۆی”.

ڕوونیشیكردەوە، پرسێكی دیكەی كشانەوەی ئەمریكا ئەوەیە كە دەرفەت بۆ توركیا دەڕەخسێنێت هێرش بكەنەسەر كوردستانی سوریا و هاوشێوەی عەفرین و گرێسپی و سەرێكانی ببێتەهۆی ئازاردانی كوردی سوریا.

ئاشكراشیكرد، كشانەوەی ئەمریكا لە سوریا چارەنووسێكی نادیار و مەترسیدار بۆ كورد دەخولقێنێت، ئێمە هیوادارین ئەمریكا لە سوریا نەكشێتەوە، بەڵام ئەگەر ئەوەش ڕوویدا ئەركی سەرشانی كوردە بە یەكڕیزی و تەبایی خۆیان بۆ هەموو پێشهاتێك ئامادە بكەن.