سەردێر

ئێران یەكەم كەشتی نەوت ڕەوانەی بازاڕەكان دەكات

خەڵك-
سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی ئێران ڕایدەگەیەنێت، كە كۆتایی ئەم هەفتەیە یەكەم كەشتی نەوت هەڵگر ڕەوانەی بازاڕەكان دەكات.

مەسعود كرباسیان، سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی ئێران بۆ ماڵپەڕی فەرمی كۆمپانیاكە ڕایگەیاندووە، ڕۆژی پێنج شەممە 22ی تەمموز یەكەم كەشتی، كە نەوتی هەڵگرتووە ڕەوانەی بەندەری (جاسك) لە دەریای عومان دەكەن.

ڕاشیگەیاندووە، ڕەوانەكردنی ئەو كەشتییە نەوتە لە بەندەری جاسك و دەریای عومان-ەوە بە بڕیاری سەرۆك كۆمار (حەسەن ڕۆحانی)یە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، شكۆیەكی گەورەیە بۆ پیشەسازی نەوتی ئێرانی، كە توانای هەیە دەستبكات بە پڕۆژەی گواستنەوەی نەوتی خاوی نیشتمانی بۆ بەندەری جاسك و لەڕێگەی دەریای عومانەوە یەكەم كەشتی نەوت ڕەوانە بكات.

جەختیشی كردۆتەوە، پڕۆژەكە دەبێتە هۆی فرەچەشن كردنی سەرچاوەی هەناردە و گەشەپێدانی ناوچەی مكران و دەبێتە هۆی گەشەكردن و بەرهەمهێنان و چالاكی ئابووری لەو ناوچەیە، كە تێیدا پاڵێوگە و كۆمەڵگەی پتڕۆكیمیایی لە داهاتوویەكی نزیكدا بنیات دەنرێت.

بەهۆی سزا ئابوورییەكانی ئەمریكاوە بۆ سەر كەرتی پیشەسازی و نەوتی ئێران، هەناردەی نەوتی ئێران بۆ بازاڕەكانی جیهان قەدەغە كرابوو.