سەردێر

جیلی نوێ چێژ لە یارییەكانی جیلی ئاڵتونی وەردەگرن

سلێمانی ـ نزار جەزا

یارییە كۆنەكانی جیلی ئاڵتونی لەبۆنە و جەژنەكاندا دەخرێنەوەكار و جیلی نوێی پێ ئاشنادەكرێنەوە.

شاری سلێمانی تەنها خاوەنی یەك باخچەی بچ,وكی یارییە كۆنەكانی جیلی ئاڵتونییە، كە بەدەست جوڵەیان پێ دەكرێت.

ئەو باخچەیەش بەهۆی بێ خزمەتییەوە هیچ سەوزاییەكی تێدا نییە، تەنها نزیكی 11 یاری جۆراوجۆری تێدا دانراوە.

لایەنە بەرپرسەكانی حكومەت لەپاراستنی سیما كلتورییەكەی ئەم یارییە كۆنانە كەمتەرخەمن، بەوتەی سەرپەرشتیاری یارییەكان، حكومەت هاوكارنییە لەنوێكردنەوەی باخچەكە.

ئاكۆ قوربانی، خاوەنی باخچەی ئەو یارییانەیە ئەو بۆ (خەڵك) دەڵێت: “ماوەی 20 ساڵە ئەم یارییانەم هەن، تەنها لەكاتی بۆنەكاندا ئەم باخچەیە دەكەینەوە و منداڵێكی زۆر ڕووی تێدەكەن”.

ئەوەشی باسكرد، تاكە كەسن لەكۆنەوە ئەم یارییانەیان پاراستووە و ساڵانە لەكاتی بۆنەكاندا دەیانخەنەوە كار، ئەمەش خزمەتێكە بەكلتوری كۆنی كوردەواری، چونكە ساڵانی زوو هەر ئەم یارییانە هەبوو.

ئەو نەیشاردەوە، هەندێك گۆڕانكارییان لەیارییەكاندا كردووە، بۆنمونە ساڵانی زوو بەشێكی زۆر لەیارییەكان لە دار دروستكرابوون، بەڵام ئێستا كردویانن بەئاسن، چونكە زیاتر بەرگەدەگرن و باشتر و ئاسانتر یارییان پێدەكرێت.

لەنێو باخچەكەدا دایك و باوكی منداڵەكان دەبینران، كە منداڵەكانیان بۆ یارییە دەستییەكان هێنابوو، ئەوان لەمنداڵیدا لەوێ یارییان كردووە، ئێستا منداڵەكانیان دەهێنن، ئەمە بەوتەی خۆیان چێژبەخشە، یادگارییەكانی منداڵییان بیردەخاتەوە.

خاوەن یارییەكان دڵنیایی لەوەدا، تاكو ئێستا هیچ منداڵێك لەنێو یارییەكاندا تووشی ئازار نەبووە.

نرخی یاریكردن لەنێو هەر یەكێك لەم یارییە دەستییانە تەنها 500 دینارە، ئەمەش نرخێكی گونجاوە بۆ منداڵان، بەوتەی خاوەن یارییەكان، “تەنها بە 5 پێنج هەزار دینار منداڵ دەتوانێت هەموو یارییەكان تاقیبكاتەوە”.

“جەژنی قوربان بەراورد بەجەژنی ڕەمەزان كەمتر منداڵان یاری لەو باخچەیەدا دەكەن، هاوكات بەراورد بەساڵانی ڕابردوو ئەم جەژنە كەمتر منداڵ سەردانی دەكەن” ئەمە وتەی خاوەن یارییەكانە.

لەساڵانی ڕابردوودا یارییە پێشكەوتووەكان نەهاتبوونە سلێمانی، بۆیە منداڵانی جیلی ئاڵتونی لەبۆنەكاندا چێژیان لەو یارییانە وەردەگرت، ئێستاش ئەو جیلە منداڵەكانیان دەبەنەوە بۆ ئەو شوێنانە بەیادی ئەوساوە تەماشەی منداڵەكانیان دەكەن، كاتێك یاری دەكەن.

No description available.No description available.