سەردێر

چەند بڕیارێك بۆ قەدەغەی هاتووچۆ و دەوام دەركرا

خەڵك-
لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی لە چەنجوومەنی وەزیرانی عێراق چەند بڕیارێكی دەربارەی ڕێكارەكانی ڕوووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا دەركرد و بڕیاریشیدا دەوامی فەرمانبەران كەم بكرێتەوە.

ئەمیندارێتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی كۆبۆتەوە و بڕیاریداوە لە ڕۆژانی جەژنی قورباندا قەدەغەی هاتووچۆی تەواوەتی پەیڕەو نەكرێت، بەڵكو تەنها نیمچە قەدەغە كاری پێ‌ دەكرێت.

بەپێیی بڕیارەكانی لیژنە باڵاكە، دەوامی فەرمانبەران لە دامودەزگاكانی دەوڵە بەڕێژەی 50% كەم دەكرێتەوە بۆ كەم كردنەوەی قەرەباڵغی لە بەش و هۆبەكاندا.

جەختیشكراوەتەوە، ڕێكارەكانی خۆپارێزی زۆر توند دەكرێن و هەر دوكان و خاوەن مۆڵ و بازاڕێك پابەند نەبێت سزای دارایی دەدرێت.

بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی تەندروستی عێراق لە ئێستادا شەپۆلی سێیەمی كۆرۆنا وڵاتی گرتۆتەوە و ڕۆژانە نزیكەی 8 تا 10 هەزار كەس تووشی ڤایرۆسەكە دەبن، كە بەشێكی زۆریان لە جۆری گۆڕاوی (دەلتا)یە.

ئەم بڕیارانەی عێراق لەكاتێكدایە، كە لە هەرێمی كوردستان سەرەڕای هەڵكشانی ئامارەكانی تووشبوون و مردن بە كۆرۆنا، كە دوێنێ‌ چۆتە نزیكەی 2 هەزار كەس، بەڵام دەوامی فەرمانگەكان بەتەواوی كراوەتەوە و هیچ ڕێكارێكی قەدەغە و خۆپارێزی توند نەگیراوەتە بەر و زۆربەی شوێنەكان كراوەن.