سەردێر

پارەیەكی دیكە لە عێراقەوە گەیشتە هەرێم و دوای جەژن دابەشدەكرێت

خەڵك-
سەرەڕای ناردنی بڕی 200 ملیار دینار لەلایەن حكومەتی عێراقەوە لە هەفتەی ڕابردوودا بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بڕی 5 ملیار دیناریش بۆ پارەی گەنمی جوتیاران گەیشتە هەرێم و دوای جەژنی قوربان دابەش دەكرێت.

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، وەجبەی یەكەمی چەكی گەنمی جوتیارانی سالی ٢٠٢١ دابەش دەكرێت.

نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ڕایگەیاند، چەكی پارەی جوتیاران بۆ ساڵی ٢٠٢١وەك وەجبەی یەكەم چەكەكانیان گەیشتە هەرێمی كوردستان و دوای پشووەكانی جەژنی قوربان دەست بە دابەش كردنی دەكرێت بەسەر جوتیاراندا.

ڕوونیشی كردۆتەوە، بۆ پارێزگای هەولێر بڕی یەك ملیار و 500 ملیۆن دینارە و بۆ سلێمانی 2 ملیار و 500 ملیۆن دینارە و بۆ دهۆك یەك ملیار دینارە.