سەردێر

قوربانی دەستی پێكرد … شێواز و مەرجەكانی چین؟

خەڵك-
لەگەڵ دەستپێكردنی یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربان و دوای نوێژی جەژن پڕۆسەی ئەنجامدانی سوننەتی قوربانی دەستپێدەكات و تا پێش بانكی خەوتنانی چوارەم ڕۆژی جەژن بەردەوام دەبێت.

بەپێی ئایینی پیرۆزی ئیسلام، ئەوەی نیەتی قوربانی كردنی هەیە لەسەرەتای مانگی ژیلحجەی كۆچییەوە هەتا ئەو كاتەی قوربانیەكەی دەكات نابێت هیچ موو و نینۆكی لەخۆی بكاتەوە؛ كە تایبەتە بەسەرۆك خێزان بۆ خێزان و منداڵەكانی دروستە موو و نینۆكیان بكەن .

ڕێكار و مەرجەكانی قوربانی:
1- نیەتی ئەم عیبادەتە لەدڵدایە و دەبێت مەبەست لەقوربانیەكە تەنها ڕەزامەندی خوای گەورە بێت؛ تەنها لەكاتی سەربڕینی ئاژەڵەكەدا دەڵێی (بسم الله – الله أكبر – اللهم تقبل منی هژا منك ولك ).

2- ئەو ئاژەڵەی قوربانی پێ دەكرێت بریتیە لە ( وشتر – مانگا – مەڕ – بزن)، وشتر دەبێت ( پێنج ) ساڵی تەواو كردبێت و مانگا دەبێت ( دوو) ساڵی تەواو كردبێت و بزن دەبێت ( یەك) ساڵی تەواو كردبێت و مەڕ دەبێت (شەش) مانگی تەواو كردبێت .

3- ئەم ئاژەڵە نابێت (شەل و كوێر و نەخۆش و پیر و لاواز) بێت .

5- كاتی سەربڕینی قوربانی لەدوای نوێژی جەژنەوە دەست پێ دەكات هەتا كاتی خۆرئاوابونی چوارەمین ڕۆژی جەژن (بەشە و ڕۆژی ئەم چوار ڕۆژ و شەوەی جەژن) دروستە، بەڵام بەڕۆژ باشترە.

ئاژەڵێك بۆ چەند كەس دەكرێت بە قوربانی؟
مەڕێك یان بزنێك بۆ سەرۆك خێزان و ماڵ و منداڵەكەی دەبێت، بەڵام وشتر یان مانگا بۆ حەوت سەرۆك خێزان و مال و منداڵەكەیان دەبێت .

د. عەلی قەرەداغی، ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كە یەك سەر ئاژەڵ بۆ سەرۆك خێزان و تەواوی ئەندامانی خێزانەكەی دەبێت.

چۆن گۆشتی قوربانی دابەش دەكرێت؟
مامۆستا هەڵگورد گەڵاڵەیی دەڵێت: “دروستە گۆشتی قوربانیەكە بكەی بەسێ بەش، لەم سێ بەشە بەشێكی بۆ خۆت و ماڵ و منداڵت هەڵی بگری و بیخۆی و بەشێكی بكەی بەدیاری بۆ خزم و دۆستەكانت، كە ئەم دیاریە كەسانی دەوڵەمەندیش دەگرێتەوە و دروستە و بەشی تریان بدەیت بە هەژاران” .

وتیشی، “دروست نیە هیچ لەقوربانیەكە بدرێت بە قەصاب بەرامبەر بە ئەجری سەربرینی ئاژەڵەكە، بەڵكو دەبێت پارەی بەجیا پێ بدرێت، بەڵام دروستە گۆشتی ئاژەڵەكە وەكو خێر یان دیاری پێی بدرێت”.

قوربانی بە وەكالەت:
ئەو كەسەی بۆتە وەكیلی كەسێكی تر بۆ قوربانی كردن تەنها خاوەن قوربانیەكە نابێت موو و نینۆكی لەخۆی بكاتەوە، بەڵام بۆ وەكیلەكە دروستە.