سەردێر

كەشوهەوای 4 ڕۆژی جەژنی قوربان بڵاوكرایەوە

خەڵك-
ئەمڕۆ سێ‌ شەممە 20ی تەمموز یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربانی پیرۆزە و شارەزایەكی كەشناسیش كەشوهەوای هەر 4 ڕۆژەكەی جەژنی قوربان بڵاودەكاتەوە و ئاشكرای دەكات، كە لە سێیەم ڕۆژەوە پلەی گەرما ڕوو لە نزمبوونەوە دەكات.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، ئەمڕۆ سێ شەممە ٢٠-٧-٢٠٢١ كە یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربانی پیرۆزە كاریگەری شەپۆلی گەرما قوڵدەبێتەوە و پلەكانی گەرما بەرێژەیەكی بەرچاو بەرزدەبنەوە بەم شێوەیە لەسەنتەری پارێزگاكان (سلێمانی ٤٦ و ھەولێر ٤٧ و دھۆك ٤٥ و كەركوك ٥٠ پلەی سەدی) دەبێت و لەناوچەكانی گەرمیان بەرزترین پلەی گەرمی لەنێوان ٥٠ بۆ ٥٢ پلە ئەبێت.

ڕاشیگەیاند، دووە ڕۆژی جەژن چوار شەممە شەپۆلی گەرما كەمتر ئەبێتەوە، بەجۆرێك لەسەنتەری پارێزگاكان (سلێمانی ٤٤ و ھەولێر ٤٦ و دھۆك ٤٣ و كەركوك ٤٨ پلەی سەدی) دەبێت و لەناوچەكانی گەرمیان بەرزترین پلەی گەرمی لەنێوان ٤٩ بۆ ٥٠ پلە ئەبێت و خێرایی با چالاك ئەبێت و ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ هەیە.

سەبارەت بە سێیەم ڕۆژی جەژن، ئاراس جەبار وتی، “ڕۆژی پێنج شەممە شەپۆلی گەرما لاواز ئەبێت و پلەكانی گەرما بەڕێژەی ٣ بۆ ٥ پلە ڕوو لەنزمبوونەوە دەكاتەوە و خێرایی با چالاك ئەبێت ٢٠-٣٥كم لە كاتژمێرێكدا لەگەڵ بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ”.

دەربارەی ڕۆژی ھەینی و كۆتا ڕۆژی جەژن پێشبینی ئەوەی كرد، پلەی گەرما بەڕێژەی ١ بۆ ٢ پلە ڕوو لەنزمبوونەوەی زیاتر دەكات و ئاسمان ساماڵ و خێرایی با ئاسای ئەبێت .