سەردێر

كۆمسیۆن لەسەر گۆڕینی سەرۆكی هاوپەیمانیەكەی یەكێتی و گۆڕان هاتەدەنگ

خەڵك-
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، كە تا ئێستا هیچ لایەنێك داوای گۆڕینی سەرۆكی هاوپەیمانییەكەیانی نەكردووە.

هیمان تەحسین بەگ، بەڕێوەبەری گشتی لەفەرمانگەی پارتە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ دەنگی (كوردی ئەمریكا) دەڵێت: “کۆمسیۆن بەردەوامە لە ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەڕلەمانی عێراق لە وادەی خۆیدا، هیچ لیست و لایەنێکیش تا ئێستا بەفەرمی بەڕەوتی سەدریشەوە داوای کشانەوەی لە هەڵبژاردنەکان پێشکەش بە کۆمسیۆن نەکردووە”.

دەربارەی گۆڕینی سەرۆکی هاوپەیمانێتی لایەنەکان، بەتایبەت هاوپەیمانی کوردستانی، بەرپرسەکەی کۆمسیۆن دەڵێت: “هه‌تا ئه‌م ساته‌ هیچ داواکاریه‌کمان پێشکه‌ش نه‌کراوه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر داواکاریمان پێشکه‌ش بکرێت له‌لایه‌نی ئه‌و پارته‌ سیاسیانه‌ی، که‌ ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌یان دروستکردووه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان ئێمه‌ دراسه‌ی ئه‌و داواکاریه‌ ده‌که‌ین ئه‌گه‌ر هیچ لاریه‌کی یاسایی نه‌بێت قبوڵی ده‌که‌ین، بێگومان ده‌بێت ڕه‌زامه‌ندی کۆمیسیۆن هه‌بێت به‌تایبه‌تی فه‌رمانگه‌ی کاروباری پارته‌ سیاسیه‌کان”.

سەبارەت بە كشانەوەی سەدر وتی، “به‌هیچ شێوه‌یه‌ک کاریگه‌ری نابێت وه‌ک پڕۆسه‌، ئێمه‌ وه‌ک کۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژادن به‌رده‌وامین له‌ هه‌موو ئه‌و ڕێوشوێنانەی که‌ پێویسته‌ بۆ ئه‌نجامدانی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن، ئه‌گه‌ر هه‌ر لایه‌نێکیش بکشێته‌وه‌ له‌م پڕۆسه‌یه‌، ئه‌مه‌ پرۆسه‌یه‌کی دیموکراتیه‌ هه‌رکه‌سێک بیه‌وێت به‌شداری بکات یان هه‌رکه‌سێک بیه‌وێت بکشێته‌وه‌ ئه‌وه‌ شتێکی ئاساییه‌.”

جەختیشی كردەوە، ئێمه‌ وه‌ک کۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژادنی عێراق پابه‌ندین به‌و بڕیاره‌ی دامانناوه‌ له‌ ڕۆژی 10-10-2021 ده‌بێت پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بده‌ین.