سەردێر

بەهۆی مەترسی نەخۆشیە تازەكە چەند بڕیارێك بۆ قوربانی دەركرا

خەڵك-
دوای ئەوەی وەزارەتی تەندروستی عێراق بوونی چەند حاڵەتێكی تووشبوون و مردن بە نەخۆشی (تای خوێنبەربوون) پشتڕاست كردەوە، بەهۆی گواستنەوەی لە ڕێگەی ئاژەڵەوە وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم چەند بڕیارێكی دەربارەی قوربانی كردن دەركرد.

دوێنێ‌ وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، كە چەند حاڵەتێكی تووشبوون و 3 مردن تۆماركراوە بە نەخۆشی (تای خوێنبەربوون) كە نەخۆشییەكەی ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و تا ئێستا هیچ دەرمان و ڤاكسینێكی نییە.

لای خۆشیەوە، بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشیە لە هەرێم لەكاتێكدا هاووڵاتیان لە جەژنی قورباندا ئاژەڵ دەكەن بە قوربانی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم چەند بڕیار و ڕێنماییەكی دەركردووە و ڕایگەیاندووە، تا ئێستا لە كوردستان ئەم حاڵەتە بەدی نەكراوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێترنەری سەر بە وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەپێناو كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشیەكە و سەلامەتی ئێوە بەهۆی ئەوەی، كە ئەم جۆرە نەخۆشیەكە ڕاستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ بەپێویستی دەزانین ئەم ڕێنماییانەی خوارەوە بۆ بەرچاو ڕوونی زیاتر بڵاوبكەینەوە:

یەكەم/ ئەو ئاژەڵەی سەردەبڕدرێت دەبێت تەندروست بێت و قڕنە و گەنەی لەسەر نەبێت.

دووەم/ ئاژەڵی قوربانی لە كوشتارگە سەردەبڕدرێت، تاكو پشكنینی پێش سەربڕین و دوای سەربڕینی بۆ بكرێت و دڵنیابین لە تەندروستی گۆشتەكە.

سێیەم/ گۆشتی قوربانی لە ناو كیسی شەفاف دابەش بكرێت و دەبێت كیسەكە خاوێن و نوێ بێت .

چوارەم/ سەربڕینی ئاژەڵ لە ناو ماڵ و كۆڵان هۆكارێكە بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەكان و پیس بوونی ژینگە، هەروەك دیاردەیەكی ناشارستانیە، بەتایبەتی لە ئێستادا كە چەند حاڵەتێكی نەخۆشی خوێن بەربوون (الحمی النزفیە)لە عێراقدا تۆمار كراوە.

پێنجەم/ لەكاتی وەرگرتنی گۆشتی قوربانی ڕاستەوخۆ بەكاریمەهێنه و 24 كاتژمێر لە ساردكەرەوەی بهێڵەوە.

شەشەم/ لەكاتی دەستكاری كردنی گۆشت و لاشەی ئاژەڵ دەستكێش بەكاربهێنە.

حەوتەم/ ئەگەر گومانت لە گۆشتی ئاژەڵی قوربانی هەبوو پەیوەندی بە لیژنەكانەوە بكە.