سەردێر

چیرۆکی چەوساندنەوەی ژنان لەکەرتی تایبەتدا

لەگەڵ ئەوەی هەلی کار بۆ ژنان زیاترە، بەڵام لەکاتی کاردا مافەکانیان زەوت دەکرێت

 

خەڵک

(هەلی کار تەنها بۆ ڕەگەزی مێینەیە)، ئەم دێڕە لەکۆتایی زۆرێک لەهەلی کارەکان دەبینرێت،  کچان هەڵپەی بۆ دەکەن و کوڕانیش لەچاوەڕێی کارێکدا دەمێننەوە.

 

بەشێک لەشوێنکارەکان زیاتر ژنان وەک کارمەند بۆ کارکردن وەردەگرن و فشاری دەروونی و جەستەییشیان دەخەنەسەر، لەبەرامبەر پێدانی مووچەیەکی کەم، زۆرترین کار و کەمترین مافیان بۆ فەراهەمدەکرێت.

هەلی کار تەنها بۆ ڕەگەزی مێینەیە!

مەهدی گەنجێکی تەمەن ٢٩ ساڵە، نزیکی ساڵێکە کوردستانی جێهێشتووە و ئێستا لەبەریتانیا نیشتەجێیە، ئەو کە لەکوردستان لەگەڵ ئەوەی چوار زمانی دەزانی و دەرچووی زانکۆ بوو، بەڵام نەیتوانی کاری دەستبکەوێت، تەنانەت چەند فکرەی هەبوو و چەند پڕۆژەیەکی دامەزراند، بەڵام کارئاسانییان بۆ نەکرد، بۆیە کوردستانی جێهێشت.

 

ئەو گەنجە جەختی لەئەوەکردەوە، چەندین چاوپێکەوتنی کاری بینیوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ڕکابەرەکانی کچ بوون نەیتوانی کاری دەستبکەوێت.

بەهۆی ئەوەی ڕکابەرەکانی کچبوون، کوڕێک کاری دەستناکەوێت

لەگەڵ ئەوەی هەلی کار بۆ کچان زیاترە، بەڵام بەشێک لەکچەکانیش لەکارەکانیان ڕازینین.

 

“بە خاوەنکارەکەم وت من بۆ نێرگەلە بۆ میوانەکان بەرم؟ با کوڕێک بێت ئەو کارە بکات، بەڵام خاوەن کافتریاکە پێی وتم: دەمەوێت تۆ بیکەیت تۆ جوانیت و سەردانکەری زیاتر بۆ کافتریاکەم دەهێنیت”، ئەمە گفتوگۆی نێوان کچێکە لەکاتی چاوپێکەوتنی کارێک لەگەڵ خاوەن کافتریایەکدا، کە تەنها مووچەکەی ٣٠٠ هەزار دینارە بەبێ هیچ پشووێکی مانگانە یان هەفتانە.

 

سانیا، کچێکی دیکەی تەمەن ٢٠ ساڵە، ئەو ماوەی سێ مانگ توانی ڕۆژانە ١٢ کاتژمێر بەبێ هیچ پشووێک بەمووچەى تەنها ٥٠٠ هەزار دینار کاربکات.

“تۆ کچێکی جوانیت، کڕیاری باشتر بۆ کافتریاکەم دەهێنیت”

سانیا لەو ١٢ کاتژمێرەدا دەیتوانی تەنها یەکجار بچێت بۆ تەوالێت، ئەگەریش کەسێکیان لێ بمرێت یان زۆر نەخۆشبێت تەنها یەک ڕۆژ پشووی هەبوو، هەربۆیە دوای سێ مانگەکە نەیتوانی بەردەوامبێت و وازی لەکارەکەی هێنا.

 

ئەو کچە بۆ (خەڵک)ی ڕوونکردەوە، خاوەنکارەکەی زۆر خراپبوو تەنانەت داوای لێدەکرد خواردنە بەسەرچووەکانی بۆ  بفرۆشێت.

کوڕێک: پشوو بۆ کچە هاوکارەکانم هەبوو، بەڵام بۆ من پشوو نەبوو

تەنانەت لەو شوێنکارانەى کوڕ و کچیش کاری تێدادەکەن، جیاوازی ڕەگەزی تێدا دەکرێت هەروەک ئامانج ڕەسوڵ، کوڕە خوێندکارێکی زانکۆیە و بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی لەشوێنێک کاری دەکرد باسی لێکرد، زۆرینەى ئەوانەى لەگەڵی بوون کچبوون، خاوەنکارەکە جیاوازی لەنێواندا دەکردن، بۆ نمونە پشوو بۆ کچەکان هەبوو، بەڵام ئامانج لەو ماوەیەی لەوێ بوو نەیتوانی تەنها یەک پشوو وەربگرێت، بۆیە وازی لەکارەکەی هێنا.

 

بەهۆی ئەوەی سەرجەم کەرتەکانی ئابووری هەرێم کارانین، تەنها هەندێک کەرتی تایبەت هەلی کار دەڕەخسێنن، بەشێک لە ئەمانەش زیاتر چاویان لەسەر کچانە کاریان پێبدەن.

 

سەرکۆ یونس، شارەزای ئابووری بە (خەڵک)ی ڕاگەیاند، ڕەخساندنی هەلی كار بۆ گەنجان بەتایبەتی بۆ ژنان، ئامانج لێی ڕاكێشانی زیاتری خواستی گەنجان و كڕیارانە، کە دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی قازانجی زیاتر، هاوکات ژنان زیاتر دڵسۆزن لەكار و كارامەترن لەپێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان، لەکاتێکدا کوڕانیش دەکرێت هەمان تایبەتمەندییان تێدا هەبێت.

 حکومەت کەمتەرخەمە و ئاگای لەکەرتی تایبەت نەماوە

ئەو ڕای وایە، هێشتا یاسا بەركارەكان ئیشی پێ ناكرێت وەك یاسای پاراستنی مافی كرێكاران و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، هەروەها بەشێوەیەكی گشتی كەرتی تایبەت لەهەرێمدا بەئارەزووی خاوەنكاران هەڵسوكەوت لەگەڵ كرێكاران دەكەن، ئەمەش وایکردووە مافی کرێکاران نەپارێزرێت.

 

“بەهۆی كێشە و قەیرانە بەردەوامەكانیەوە حکومەت كەمتەرخەمە و ناتوانێت سەرپەرشتی و چاودێری دۆخی كاركردن لەكەرتی تایبەت بكات، بۆیە كرێكار كاتژمێرەكانی كاری زیاتر بەسەردا دەسەپێنرێت و دەچەوسێنرێتەوە و هەندێکجار تووشی ئازاردانی دەروونی و تەنانەت جەستەییش دەبێتەوە” سەرکۆ یونس وای وت.

 

ژنان لەهەرێمی کوردستان بەتایبەت لەدوای پڕۆسەی ئازادی عێراقەوە زیاتر دەستیان بەکاری جیاوازکرد لەکەرتی تایبەت، ئەمەش زۆر گرفتی جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، بۆیە پێویستە حکومەتى هەرێم چاودێرێکی وردتربێت بەسەر کەرتی تایبەتەوە.