سەردێر

ئەمساڵیش حەج تەنها بۆ سعودییەكانە

پێش كۆرۆنا ساڵانە دوو ملیۆن حاجی دەچوونە عەرەبستان

خەڵك-

هەموو ساڵێك لە جەژنی پیرۆزی قورباندا وەرزی ئەنجامدانی مەراسیمی حەج ئەنجام دەدرێت، بە ئەم بۆنەیە هاووڵاتیانی مسوڵمان لە سەرانسەری جیهانەوە بە لێشاو ڕوو لە عەرەبستانی سعودیی دەكەن.

ماوەی دوو ساڵە بەهۆی بڵاوبوونەوەی كۆرۆناوە رێوڕەسمەكانی حەجیش وەك هەر پرۆسەیەكی دیكە ئاستەنگی بۆ دروستبووە، حكومەتی عەرەبستانی سعودیە لە چوارچێوەی رێكارەكانی خۆپارێزیی كۆرۆنا رێگانادات مسوڵمان لەدەرەوە بچنە شارەكانی مەككە و مەدینە.

بەهۆی بڵاوبوونەوی ڤایرۆسی كۆرۆنا دوو ساڵە ئەنجامدانی ئەو فەریزەیە سنووردار كراوە و تەنها بەشێك لە هاووڵاتیانی سعودییە بۆیان هەیە ئەنجامی بدەن.

رێوڕەسمەكانی حەج یەكێكە لە فەریزەكانی ئاینی ئیسلام بۆ مسوڵمانان، بۆیە مسوڵمانان هەوڵ دەدەن بە پێی توانای خۆیان ئەم فەریزەیە ئەنجام بدەن.

لای خۆیەوە بریكاری وەزارەتی حەج و كاروباری عومرە و سەرپەرشتیاریی گشتیی نێوەندەكانی پێشوازیی لە حاجیان بۆ كەناڵی العربییە، رایگەیاند لە نێوەندەكانی پێشوازی لە حاجیان بەپێی پلانێكی پێشوەختە ئامادەكراو پێشوازی لە حاجیان دەكەین بە رێوشوێنێكی باش و ئاسانكاریی تەواو.
هاوكات رێوشوێنی خۆپارێزی تایبەت گیراوەتەبەر بۆ وەرزی حەجی ئەمساڵ، تیمی سەرپەرشتیار و چاودێریی بۆ پشكنینی حاجیان و پابەندكردنیان بە رێوشوێنەكانی خۆپارێزییەوە.