سەردێر

لە هەولێر بەنزین هەرزانبوو لە سلێمانی دەنگی نییە

لیژنەی سووتەمەنیی پارێزگای سلێمانی: باج هۆكاری گرانبوونی بەنزینە هیچ بڕیارێك نییە بۆ لابردنی باج لە سنووری سلێمانی ئەوەی هەولێریش كاتییە

خەڵك-

نرخی یەك لیتر بەنزین لە پارێزگای هەولێر 70 بۆ 100 دینار دابەزی و لە سلێمانیش تا ئێستا هیچ جۆرە دابەزینێكی بەخۆیەوە نەبینیوە.

نەبەز عەبدولحەمید قائیمقامی هەولێر لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، حكومەت هەوڵ دەدات نرخی بەنزین جێگیر بكات.

وتیشی”نرخی بەنزین لە سەرووی 750 دینارەوە بۆ 660 دینار دابەزیوە و هۆكارەكەشی كەمكرنەوەی باج بوو لەسەر بەنزینی هاوردەكراو”.

لای خۆشییەوە كەریم عەلی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، دابەزینی نرخی سووتەمەنیی لە هەرێم پەیوەندیی بە كۆمەڵێك هۆكارەوە هەیە، تاكو ئەو هۆكارانە لانەبرێن دابەزینی نرخەكەی شتێكی كاتییە.
وتیشی”ئەوەی هەولێر كۆمپانیای كارە كە خۆی بەشێك لە نەوتی خاوی پێدەدرێت لەو بەروبوومە دەخاتە بازاڕەوە، دیارە بە نرخێكی كەمتر، ئەوەش چارەسەری بابەتی سووتەمەنیی ناكات، چونكە هەرێم ڕۆژانە پێویستی بە 7 ملیۆن لیترە، سلێمانی نزیكەی 3 ملیۆن لیتری پێویستە بۆیە پێویستە ئەو هۆكارانەی كە هۆكاری گرانبوونی نرخی سوتەمەنیی بازرگانین لابرین، ئەوكات نرخی بەنزین دێتە خوارەوە ئێستاش ئەو هۆكارانە بەردەوامن و بۆیە ئومێدم نییە”.

ڕوونیشیكردەوە، ئەگەر یەك دینار باج كەم بكرێتەوە، نرخی بەنزین كەم دەبێتەوە لە سلێمانیش نرخەكەی كەمتر دەبێت، چونكە بەنزین لە ئێرانەوە دێت و بەو پێیەش تێچووی كەمتر دەبێت، بەڵام تاكو ئێستا نە بازرگانەكان نە هیچ لایەنێك ئێمەی ئاگادار نەكردووەتەوە لەسەر كەمكردنەوەی باج.

ئاشكراشیكرد، وەكو لیژنەی پیشەسازی دوو یاداشتمان ئاڕاستەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و دارایی كردووە و داوامان كردووە باجی سەر سووتەمەنی هاوردە هەڵبگیرێت و كۆمپانیا مشەخۆرەكانی دەروازەكان لاببرێن و هیچ بڕە پارەیەك لە سوتەمەنیی وەرنەگیرێت، هەموو سوتەمەنییەك پشكنینی بۆ بكرێت و ڕێنماییەكیش دابنرێت بۆ دیاریكردنی قازانجی كۆمپانیاكان و وێستگەكانی سوتەمەنیی، تاكو ئەو خاڵانە كاری لەسەر نەكرێت هەر نرخێك و كارێك بە لاوەكی دەزانین.

وتیشی: ئەگەر حكومەت نرخی بەنزین جێگیر بكات، كاتێك دەتوانێت كە نەوتی خاوی هەرێم بدرێتە پاڵاوگە نێوخۆییەكان، بەڵام شتی وا مەحاڵەو حكومەت پلانێكی لەو شێوەی نییە.