سەردێر

ناكۆكیی بیلاڕووسیا و ئەوروپا دۆزەخی بۆ پەنابەرانی كورد سازكردووە

فێڵ لە گەنجانی هەرێم دەكرێت و بە هەزاران دۆلاریان لێ دەستێندرێت

خەڵك-
ماوەیەكە گەنجانی هەرێمی كوردستان بە لێشاو روو لە لیتوانیا دەكەن، لەوێ دەستگیر دەكرێن، دەخرێنە زیندانی تاكە كەسییەوە، سووكایەتییان پێدەكرێت، ئەمانە لەلایەن كۆمەڵێك كەسەوە فێڵیان لێدەكرێت بە پارەیەكی زۆر دەیانبەنە ئەم وڵاتە تا بچنە ئەوروپا.

بەپێی زانیارییەكان، لە ئێستادا لە هەرێم و عێراق بەشێك لە قاچاخچییەكان دەستیانكردووە بە هاندانی گەنجان بۆ ئەوەی لەڕێگای كۆمپانیای گەشتیارییەوە خۆیان بگەیەننە وڵاتی بیلاڕووسیا كە ئێستا هاتووچۆی گەشتیاریی لە نێوان عێراق و بیلاڕووسیا كراوەتەوە، لەوێشەوە دەیانبەنە لیتوانیا بە ئۆتۆمبێل، لە لیتوانیاشەوە بە فڕۆكە دەبرێنە هەر وڵاتێكی ئەوروپایی كە خۆیان خوازیاری بن.

بەپێی ڕاپۆرتێكی دەزگای ڕاگەیاندنی فەرمی وڵاتی لیتوانیا، بەشێك لە كۆچبەرەكان وا تێگەیەندراون كە لە وڵاتی لیتوانیاوە بە فڕۆكە دەگەیەندرێنە ئەو وڵاتەی كە خۆیان دەیخوازن، لە بەرامبەر ئەمەشدا، قاچاخچییەكان بڕی 10 بۆ ١٧ هەزار دۆلار لە هەر كۆچبەرێك وەردەگرن، ئەمەش لەكاتێكدایە سەرلەبەری ئەم وتانە ناڕاستن و لەگەڵ گەیشتنی كۆچبەران بە لیتوانیا، دەستگیردەكرێن و دەخرێنە كامپەوە كە بەلایەنی كەمەوە پێویستە ماوەی ٦ مانگ لەوێ بمێننەوە تاكو بڕیار لە چارەنووسیان دەدرێت، كە چارەنووسی زۆرینەیان دیپۆرت كردن دەبێت.

هەر بەپێی زانیارییەكان، بەهۆی كێشەی نێوان بیلاڕووسیا‌و لیتوانیاوە هەروەها بەهۆی خێرایی سەرهەڵدانی ئەم دیاردەوە، وڵاتی لیتوانیا نەیتوانیوە ئامادەكاریی گونجاو بكات بۆ پێشوازی لە پەنابەران، بۆیە بەهیچ جۆرێك ئامادەنییە بۆ ئەو پێشوازییە و بەو هۆیەشەوە بەشێكی زۆر لە كۆچبەران باس لەوە دەكەن كە لە زینداندان نەك كامپی پەنابەران، دۆخی پەنابەرانی ناو خاكی لیتوانیا لە ئەوپەڕی خراپیدایە و بەپێی وتەی خۆیان، مامەڵەیەكی خراپ و نامرۆڤانەیان لەگەڵ دەكرێت.

ئاری جەلال سەرۆكی دەزگای لوتكە ڕایگەیاند، بەهۆی دروستبوونی پەیوەندیی گەشتیارییەوە لە نێوان عێراق و بیلاڕوسیادا، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو، دیاردەی كۆچی نایاسایی لەو وڵاتەوە بۆ ناو خاكی لیتوانیا دەستیپێكردووە كە چەندین لێكەوتەی هەبووە و بەشێك لە گەنجانی هەرێمی كوردستانیش خۆیان ئامادەدەكەن كە لەم ڕێگایەوە بگەنە وڵاتە دڵخوازەكانیان لە خاكی ئەورووپا.

وتیشی”ئەم لێشاوە كۆچەی لەڕێگای وڵاتانی بیلاڕووسیا و لیتوانیاوە دەستیپێكردووە شەپۆلێكی نوێیە كە پێیانوایە یاخود وا تێگەیەندراون كە ئەمە ڕێگایەكی سەلامەتترە و ئەگەری گەیشتنیان بە وڵاتانی ئەوروپا لەم ڕێگایەوە زۆر بەرزترە، كە تێگەیشتنێكی هەڵەیە”.

ڕوونیشیكردەوە، لیتوانیا لەئێستادا بڕی ٤١ ملیۆن دۆلاری دابینكردووە بۆ تەلبەندی سنوورەكانی لەگەڵ وڵاتی بیلاڕووسیا و دانانی كامێرای چاودێریی و ڕادار لەسەر ئەو سنوورانە بۆ ڕاگرتنی هەموو سنووربەزاندنێك.

ئاشكراشیكرد، لە ئێستادا هەزاران سەربازی پاراستنی سنوور لە وڵاتی لیتوانیا لەسەر سنوورەكان جێگیركراون بۆ دەستگیركردنی ئەوانەی سنووری ئەو وڵاتە دەبەزێنن بە جۆرێك كە دەرچوون زۆر ئەستەمە.

ماوەی رابردوو فەرمانڕەوایانی بیلاڕووسیا فڕۆكەیەكیان ناچار بە نیشتنەوەكرد لە وڵاتەكەیان بۆ دەستگیركردنی رۆژنامەوانێك نەیار كە لە فڕۆكەكەدا بوو.

لە كاردانەوەدا ئەمریكا و ئەوروپا رەخنەی توندیان لە بیلاڕووسیا گرت، بەهۆی پێوەندییەكانیان تێكچوو، سزادانی بیلاڕووشیا هاتەگۆڕێ.

لە بەرامبەردا بیلاڕووسیا هاوشێوەی توركیا خوازیارە بە بەكارهێنانی دۆسێی پەنابەران گوشار لە ئەوروپا بكات، بۆیە ڤیزای گەشتیاریی دەبەخشێتە عێراقییەكان و سووریاییەكان و چەند دەوڵەتێكی دیكە، لەوێش دەرگەی رۆیشتنی بۆ لیتوانیا و ئەوروپا بۆ كردووەنەوە.