سەردێر

شەپۆلێكی گەرما ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە

خەڵك-
بەپێی پێشبینییە كەشناسییەكان، شەپۆلێكی گەرما ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و كەشناسی هەرێم-یش دەڵێت: “لە جەژندا پلەی گەرما لە چەند ناوچەیەك دەگاتە 51 پلەی سیلیزی”.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، سبەی یەك شەمە ١٨-٧-٢٠٢١ لە ئەنجامی نزیكبوونەوەی كاریگەری بارستە ھەوای گەرم پلەكانی گەرما بەڕێژەی ١ پلەی دیكە بەرزدەبنەوە.

ڕاشیگەیاند، لەسەنتەری پارێزگاكان لەنێوان ٤٣ بۆ ٤٥ پلەی سیلیزی ئەبێت و لەناوچەكانی گەرمیان بەرزدەبێتەوە بۆ نێوان ٤٦ تا ٤٨ پلەی سیلیزی و ئاسمانی ناوچەكە بەزۆری ساماڵ و پەڵە ھەور ئەبێت.

لای خۆشیەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ڕۆژی دوو شەممە 19-07-2021 كاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی گەرمی ساڵانە لەسەر هەرێمی كوردستان زیاتر دەبێت، كە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی زیاتری پلەكانی گەرما و لەڕۆژانی سێ شەممە و چوار شەممە دەگاته بەرزترین پلە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، لەسنتەری شاری هەولێر لەنێوان 46 – 48 پلە دەبێت و لەسەنتەری شارەكانی سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجە 44 – 46 پلە دەبێت و لەشاری كەركوك و ناوچەكانی گەرمیان 47 – 51 پلە دەبێت .