سەردێر

(خەڵك) وردەكاری دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن لە هەرێم ئاشكرادەكات

خەڵك-

جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ڕایگەیەنێت، ئەگەر حكومەت دۆخی مووچە باش نەكات، پلانەكانی وەزارەتی پەروەردە بۆ ساڵی داهاتوو شكست دەهێنێت.

بەهۆی دواكەوتن و لێبڕینی مووچە و ڤایرۆسی كۆرۆنا چەند ساڵێكە دۆخی پڕۆسەی پەروەردە لە هەرێمی كوردستان زۆر دواكەوتووە، بەشێوەیەك ساڵی ڕابردوو كەمتر لە 2 مانگ خوێندكاران دەوامیان كردووە، پسپۆڕانی پەروەردەش ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، لە چەند ساڵی داهاتوودا مەترسییە گەورەكەی پڕۆسەی خوێندن لە هەرێم دەردەكەوێت.

عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بەرنامەی ساڵی داهاتووی وەزارەتی پەروەردە تا ئێستا بە تەواوەتی دیار نییە جێبەجێ دەكرێت یان نا.

وتیشی، “بەپێی پلانەكە وەزارەت مانگی 9 پڕۆسەی خوێندن دەستپێدەكاتەوە، بەڵام وەستاوەتە سەر چۆنێتی پێدانی مووچە، ئەگەر حكومەت بابەتی مووچە چاك نەكات، ئەوا بەدڵنیاییەوە لایەكەی تری، كە پلانەكەی حكومەتە جێبەجێ ناكرێت”.

ئاشكراشیكرد، ئەگەر لە سەرەتای مانگی 9 پڕۆسەی خوێندن دەستپێبكاتەوە، ئەوكات پلانەكەی وەزارەتی پەروەردە، كە بریتییە لەوەی مانگی یەكەم یان مانگ و نیوی یەكەم پێداچوونەوە بە بابەتەكانی ساڵی ڕابردوو بكرێتەوە، بەتایبەت لە قۆناغەكانی بنەڕەتی جێبەجی دەبێت.

جەختی لەوەش كردەوە، مووچە كاریگەری هەیە لەسەر جێبەجێكردنی پلانی وەزارەت هەروەها سەرهەڵدانەوەی كۆرۆنا كاریگەری هەیە، لەبەر ئەوە نەخشەیەكە و دانراوە تا چەند سەركەوتوو دەبێت نازانرێت.