سەردێر

دەربەندیخان.. ستافێك بە خۆبەخشی سەری منداڵانی كەمدەرامەت چاكدەكەن

خەڵك – یەحیا حبیب

ستافێك گەنج شارۆچكەی دەربەندیخان بەبۆنەی نزیكبوونەوەی جەژنی قوربان هەستان بە ڕاگەیاندنی ڕۆژێك بۆ سەرچاككردنی ئەو منداڵ و كەسانەی كە كەمدەرامەتن لە سنووری شارۆچكەكەدا.


كاروان كامەران، سەرپەرشتیاری پڕۆژەكە بە (تۆڕی میدیایی خەڵك)ی ڕاگەیاند، بەهۆی نالەباری و خراپی گوزەرانی ژمارەیەكی زۆری هەرێمی كوردستان و بە تایبەت دەربەندیخان بیرۆكەی ئەوەمان بۆ دروست بوو لەگەڵ نزیك بوونەوەمان لە جەژنی قوربان، چونكە هەم خۆشمان پیشەكەمان سەر چاككردنە شوێنێكمان دیاری كرد كە خۆبەخشانە لەگەڵ ستافێك گەنجدا خزمەتی ئەو هاووڵاتیانە بكەین و بارێكی سەر شانیان سوك بكەین.

كاروان كامەران وتیشی، هەربۆیە حوێندنگای سەرتەكی بنەڕەتی كوڕان لە شارۆچكەی دەربەندیخان دیاریمان كرد و تەواوی پێداویستییەكانی سەرچاككردنمان پێشتر ئامادە كرد و لە سەر لە بەیانی ئەمڕۆ هەینی كاتژمێر 8:30 دەستمان پێكرد.

سەرپەرشتیاری پڕۆژەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، هەتا ئێستا زیاتر لە 350 كەس خزمەتمان كردووە و ڕێژەی زۆرینەشی منداڵی كەمدەرامەتی ناوچەكە بوون لەگەڵ چینی كرێكاردا خۆمان دەچوین بەدوایاندا و دەمانهێنان بۆ ئەوەی خزمەتیان بكەین.

سەرپەرشتیاری پڕۆژەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشدا،”تا ئێستا ستافەكەمان لە كاركردندایە و بەردوام دەبین تا كۆتایی هاتنی ئەو كەسانەی كە لێرە و پڕۆژەكە تەنها ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت”.

ژمارەی ئەو كەسانەی لە نێو پڕۆژەكە خزمەت دەكەن حەوت كەسن و پیشەی خۆیان سەرچاككردنە و خاوەنی دوكانی خۆیانن، بە وتەی سەرپەرشتیاری پڕۆژەكە ئەمە یەكەم كاری خۆبەخشیان نییە كە دەی كەن و پێشتر دوور لە چاوی میدیاكان لە گوندەكانی سنووری شارۆچكەی دەربەندیخان خزمەتیان كردووە لە بوارەكەی خۆیاندا.