سەردێر

بكوژی هیشام هاشمی چیرۆكی كوشتنەكەی دەگێڕێتەوە

خەڵك

تۆمەتباری سەرەكیی تیرۆركردنی ھیشام ھاشمی، توێژەر و چالاكوانی عیراق كە ئەفسەری پۆلیسە لەدانپێدانانەكانیدا دەڵێت، ” بەدوو ماتۆڕسكیڵ چووینە بەردەم ماڵەكەی و دوای ئەوەی گەیشتە بەردەم ماڵەكەی و لەئۆتۆمبێلەكەی دابەزی من چەند گوللەیەكم بەدەمانچە حكومییەكەمەوە پێوە نا”.

ئەمڕۆ ھەینی ١٦ی تەموزی ٢٠٢١، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق دەستگیركردنی بكوژی ھیشام ھاشمی ڕاگەیاند و دواتریش دانپێدانانەكەی بڵاوكرایەوە.

لەڕاگەیەنراوێكدا دەزگا ئەمنییەكانی سەر بەوەزارەتی ناوخۆی حكومەتی عیراق ئەمڕۆ ھەینی (١٦ی تەمموزی ٢٠٢١ ) بڵاوی كردەوە، دوای ھەوڵێكی زۆری دەزگاكانیان توانیویانە تۆمەتبارێك بە ناوی (ئەحمەد حەمداوی و عوێد ) دەستگیر بكەن كە ئەفسەری پلە یەك بووە لەھێزەكانی ناوخۆ و دوای لێكۆڵینەوەش دانی بەتاوانەكەیدا ناوە بەوەی ھیشام ھاشمی كوشتووە.

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، بەپێی پشكنینەكان بۆ دەمانچە و سەرجەم بەڵگەكان ناوبراو تاوانەكەی ئەنجامداوە و دادگا بەئامادەبوونی نوێنەری داواكاری گشتی و پارێزگاری تۆمەتبار بەڵگەكانی سەلماندووە و تۆمەتباریش لەبەردەم لیژنەی لێكۆڵینەوەدا دانی بەوردەكاری كردەوەكەیدا ناوە.

ھاوكات لەگرتەی ڤیدیۆیی دانپێدانانی تۆمەتبارەكەدا كە لەلایەن دەزگاكانی وەزارەتی ناوخۆی عیراقەوە بڵاوكراوەتەوە، تۆمەتبار ئەحمەد عوێد دەڵێت، ” نزیكەی كاتژمێری ٧ی سەر لەئێوارە بوو كۆبووینەوە و چووینە دەرەوە، دوو ماتۆڕسكیڵ بووین، زەھرا و ئەوانەشی لەگەڵم بوون یەكی دەمانچەیەكمان پێ بوو، كە دانەیەكی دەمانچەی كڵۆك بوو.”

دەشڵێت، ” دواتر لە بوعەیسە لەسەر پردەكەی زەعفەرانیەوە محمەد قاسمیشمان ھەڵگرت و بەرەو زیونە ڕۆشتین و چووینە باخچەیەكی گەڕەكەكە نزیكەی كاتژمێرێكمان پێ چوو، دواتر بینیمان ئۆتۆمبێلێكی پڕادۆ لەبەردەم ماڵەكەی ھیشام ھاشمی دا ڕاوەستا”.

لەدرێژەی دانپێدانانەكانیشدا عوێد باسی لەوەش كرد، ” كە بینیم ھیشام ھاشمی دابەزی لێی نزیك بوومەوە و ئەو دەمانچە حكومییەی كە پێم بوو دەرمھێنا و چەند فیشەكێكم پێوە ناو دواتر ماتۆڕسكیلەكان ھاتن و یەكێكیان ھەڵیگرتم و ڕامانكرد”.