سەردێر

عەدنان درجال: كازمی كێشەی هەڵبژاردەی عیراق چارەسەر دەكات

خەڵك-
عەدنان درجال، وەزیری لاوان و وەرزشی عیراق ڕایدەگەیەنێت، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران، بەڵێنیداوە مینحەی باری نائاسایی بدرێتە هەڵبژاردەی نیشتمانی تۆپی پێ‌، پرسی ستریچكۆ كاتانیچی ڕاهێنەریشی بە ڕابردوو لەقەڵەمدا.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن عەدنان درجالەوە بڵاوكرایەوە”مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران بەڵێنیدا مینحەیەكی باری نائاسایی، بەشێوەیەكی خێرا بدرێتە هەڵبژاردەی نیشتمانی كە شیاوی پشتیوانییەكی ڕاستەقینەیە، بەتایبەت كە گەیشتۆتە قۆناغێكی گرنگی پالاوتنەكانی مۆندیالی 2022 و جامی ئاسیا 2023″.

بە وتەی درجال”پرسی كاتانیچی ڕاهێنەر بووە ڕابردوو، لەئێستادا دەبێت پێداگری لەسەر دانانی ڕێڕەوێك بكەین بۆ دەستنیشانكردنی ڕاهێنەرێكی گونجاو بۆ هەڵبژاردەی عیراق”.

وەك وەزیری لاوان و وەرزش لە بەیاننامەكەدا ئاماژەی پێكردووە”كێشەی سەرەكی هەڵبژاردەی نیشتمانی، نەبوونی پارەیە، بەڵام دوای ئەوەی سەرۆك وەزیران بەڵێنیدا بە دابینكردنی پارە، كاروبارەكان بەرەو چارەسەربوون دەچن”.