سەردێر

لە لیتوانیا 800 پەنابەری عیراقی لە دارستانەكاندا نیشتەجێن

خەڵك-
گابرلیۆس لاندسبیرگیس وەزیری دەرەوەی لیتوانیا ڕایدەگەیەنێت، 800 پەنابەری عیراقی بەشێوەیەكی نایاسایی لە دارستانەكانی وڵاتەكەیدا نیشتەجێن، وەزیری دەرەوەی عیراقیش پێیوایە، پیلانێك هەیە بۆ بەقاچاخبردنی ئەوانە بۆ لیتوانیا.


ئەمڕۆ پێنج شەممە، وەزیری دەرەوەی لیتوانیا لەگەڵ فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عیراق لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانی لە بەغدا ڕایگەیاند”800 پەنابەری عیراقی بەشێوەیەكی نایاسایی لە دارستانەكانی سەر سنوری وڵاتەكەمان نیشتەجێن”، خواستی وڵاتەكەشی بۆ پتەوكردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان لەگەڵ عیراقدا خستەڕوو.

لەبەرانبەردا وەزیری دەرەوەی عیراق، جەختی لەسەر پێویستی لێكۆڵینەوەكرد لە بەقاچاخبردنی عیراقییەكان لە بیلاڕوسیاوە بۆ لیتوانیا و ئاماژەی بەو توێژانەش كرد كە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی لیتوانیادا لەسەر ئەو كێشە ئەنجامیانداوە.

بە وتەی فوئاد حسێن”وەزیری دەرەوەی لیتوانیا، زانیاریی پێویستی پێشكەش كردووە، سەبارەت بە چۆنیەتی گەیشتنی ئەو عیراقیانە بە وڵاتەكەی”، باسی لە بوونی پیلانێكیش كرد بۆ بەقاچاخبردنی ئەو عیراقیانە بۆ لیتوانیا.

وەزیری دەرەوەی عیراق دەڵێت”لێكۆڵینەوە لەو زانیاریانە دەكەین كە خراونەتەڕوو لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی لیتوانیا و گەر بابەتی تاوانكاریی لەپشتەوە بێت ئەوا حكومەت لێكۆڵینەوە دەكات”، ڕەتیشیكردەوە ڕێگە بدەن لە كۆمەڵگەی عیراقیدا بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە هەبێت.