سەردێر

ڤایرۆسی دەلتا كۆرۆنا لە هەرێم تۆمار كرا

خەڵك- ئارام سەردار

كۆبوونەوەی وەزیری تەندروستی و ئەنجومەنی ڕاوێژكاری پزیشكانی پسپۆر بۆ پەتای كۆڕۆنا، كۆبوونەوەی تایبەت بە ڕێكارەكانی خۆپارێزی و چارەسەری بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ COVID-19 و هەڵكشانی ژمارەی توشبووان بەڕێوەچوو.

سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تایبەت بە ڕێكارەكانی خۆپارێزی و چارەسەری بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ COVID-19 و پێدانی ڤاكسین و هەڵكشانی ژمارەی توشبووان بەتایبەت جۆری نوێی ڤایرۆسەكە كە لەهیندستان سەریهەڵداوە و ناسراوە بە دەلتا، ئامادەكاریەكان بۆ دەستنیشانكردنی ئەم جۆرە و هەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشەكە تاوتوێ كران.

دەشڵێت، هەوڵی زیاتر دەدەین بۆ سەرجەم شوێنە گشتی و حكومیەكان تاوەكو هەڵكشانی ڤایرۆسەكە كۆنتڕۆڵ بكرێت و لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆش كۆدەبینەوە، بەپێی هەڵسەنگانی ٢٧مین هەفتە، بەداخەوە ڕەوشی كۆرۆنا لەتوشبوون و لەداخیلبوون لە نەخۆشخانە و بەشەكانی چاودێری چڕ چەند هێندە زیاتر بوو، لەسەرەوەی لە١٠٪ی ئەوكەسانەیە كەوا پشكنین دەكەن، واتە ئێمە لەڕەوشی پڕتەقاڵی تۆخین، ئومێد دەكەین هەمووان بەخۆپارێزی تاك ڕووبەڕووی ببینەوە، چونكە نیگەرانین لە جێبەجێنەكردنی ڕێنماییەكان.

ئەوەش دەخاتەڕوو، لەهەموو عیراق تەنها لەهەرێمی كوردستان كیتی تایبەتمان دابینكردووە بۆ جۆری نوێی ڤایرۆسی دەلتا و ئێستاش بوونی هەیە و بەخێراییش بڵاودەبێتەوە، بۆیە لەجەژن هیوادارین قەرەباڵغی دروست نەكرێت.

باسی لەوەشكرد، لەماوەی سێ هەفتەی ڕابردوو پێدانی ژەمی ڤاكسین زیاتر بووە، سەنتەری زیاتر دەكەینەوە، لە ٩٪ی ئەوانەی ئامانجی ئێمەن كە ٣ ملیۆن و ٢٥٦ هەزار هاوڵاتیە ڤاكسینیان وەرگرتووە، لە ٥٪ هەردوو ژەمیان وەرگرتوە، لەساڵی ٢٠٢١ دەبێت بگاتە لە٢٠٪.