سەردێر

“وشكەساڵی زۆر كاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی كارەبا نەكردووە”

خەڵك-

بریكاری وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، لەسەدا ٨٤ی بەرهەمهێنانی كارەبا لەلایەن كەرتی تایبەتە و سەدا ١٦ی بەرهەمهێنانیش لەلایەن حكومەتە.

كامیل قەزاز بریكاری وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئانادۆڵی ڕاگەیاند، لە هەرێمی كوردستان سەرچاوەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا جیاوازن، سەرچاوەی غاز و ئاو و نەوتی ڕەشمان هەیە، نزیكەی ٣٥ وێستگەمان هەیە، ژێرخانی بەرهەمهێنانی كارەبا شەش هەزار و ٧٠٠ مێگاوات بەرهەمدەهێنن، خواستی هاووڵاتییانیش لەسەر كارەبا بەپێی وەرزەكان گۆڕانكاری بەسەردا دێت.

لەبارەی هەناردەكردن و هاوردەكردنی كارەبا ناوبراو ئاشكرایكرد، لە سەدا ١٦ی كارەبا بۆخۆمان بەرهەمی دەهێنین، بەڵام سەدا ٨٤ی وەبەرهێنەرەكان لە كەرتی تایبەتەوە بەرهەمی دەهێنن، كارەباش هەناردەی هیچ وڵاتێك ناكەین، بەڵام لە توركیا بڕێك كارەبامان هاوردە كردووە، هاوكات هەندێك كارەباش دەنێرین بۆ ناوچە جێناكۆكەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.

وتیشی”بەهۆی بەستنی پێوەری زیرەك، تا ئێستا كارەبای بەفیڕۆچوو لە 45%ەوە بووە بە 35%، ئەو بڕە ئەوانەن كە هاووڵاتیی بەبێ ڕەزامەندیی كارەبای هەبوو و دواتر پێوەری بۆ بەستراوە، ئەوانەن كە دەستكاریی پێوەری كارەبایان كردبوو، ئێستا پێوەریان بۆ بەستراوە، ئەو پێوەرانەشی هاووڵاتییان دەستكارییان كردووە، لێرەوە دەیزانین و بەپێی ڕێنماییەكان لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەكەین”.

بڕیار بوو لە ناوەڕاستی ئەمساڵ دابەشكردنی كارەبا بدرێت بە كەرتی تایبەت و تا ئێستاش پڕۆسەكە ماوەتەوە و بە وتەی بریكاری وەزارەتی كارەبا، كارەكان تەواو بووە و بۆ ئەنجوومەنی وەزیران نێردراوە و لەژێر دیراسەدایە و ئەوەش سەلمێندراوە كە كەرتی تایبەت لە كەرتی حكومی باشترە، لەبەرئەوە حكومەتی هەرێم بڕیاریدا بدرێت بە كەرتی تایبەت.

سەبارەت بە كاریگەرییەكانی وشكەساڵی لەسەر بەرهەمهێنانی كارەبا جەختی لەوە كردەوە، كەمبوونی ئاو و وشكەساڵی زۆر كاری لەسەر بەرهەمهێنانی كارەبا نەكردووە، چونكە لەسەدا ٨٤ی وەبەرهێن دەیكات كە پشت بە سووتەمەنی دەبەستێت، ئەو سەدا ١٦ی دەمێنێتەوە، بەشێكی كەمی پشت بە ئاوی دوكان و دەربەندیخان دەبەستێت، لەبەرئەوە كاری زۆری نەكردووەتە سەر سێكتەری كارەبا”.