سەردێر

عیراق دەبێتە ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی ڕێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی

خەڵك

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عیراق ڕایدەگەیەنێت، بەشێوەیەكی فەرمی وڵاتەكە بۆ ماوەی دوو ساڵ دەبێتە ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی ڕێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی.


ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عیراق ڕایگەیاند، عیراق بەفەرمی دەبێتە ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی ڕێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی و ئەندامیەتییەكەش بۆ ماوەی دوو ساڵ دەبێت واتە لە 2022 بۆ 2024.

ئەحمەد سەحاف ئاماژەی بەوەشداوە، بڕیارە مانگی تشرینی دووەم لە كۆبوونەوەی گشتی ڕێكخراوەكە لە لاهای هۆڵەندا، ئەندامیەتی عیراق پەسەند بكرێت.

جێی ئاماژەیە، ڕێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتییە و ساڵی 1997 بەمەبەستی چاودێری جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی دروستكراوە و ئەنجومەنی جێبەجێكردنی ڕێكخراوەكە لە 41 دەوڵەت پێكهاتووە، ئەندامیەتی هەر دەوڵەتێكیش بۆ ماوەی دوو ساڵە.