سەردێر

بەهۆی خراپی ڕێگای مەرزی پشتە نزیكەی 1000 شۆفێر واز لەكارەكەیان دەهێنن

خەڵك – یەحیا حبیب
بەهۆی خراپی ڕێگاوبانی مەرزی پشتە لە سنوری ناحیەی بەمۆ لە پارێزگای هەڵەبجە، شۆفێرانی مەرزەكە نیگەرانن و بەوهۆیەوە لە 1500 خاوەن هێڵی بارهەڵگر، 600 كەسیان كار دەكەن.

بێستون محەمەد، نوێنەری شۆفێرانی بارهەڵگری مەرزی پشتە بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ماوەی چەندین ساڵە ئێمە بەهۆی كێشەی خراپی ڕێگاوبانی مەرزی پشتەوە دەناڵێنین و چەندین داواكاریمان بە ئیدارەی ناوچەكە و پارێزگای هەڵەبجە و وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە ئاڕاستەمان كردوون، بەڵام ئەم كێشەیە تا ئێستا چارەسەر نەكراوە.

وتیشی، “بەهۆی گرفت و خراپی ڕێگاكە كۆمەڵێك لە خاوەن هێڵەكانی مەرزی پشتە نایەن بۆ كاركردن بەهۆی زۆری زیانەكانی وەك لە قازانج و خێرەكەی”.

No description available.

بەپێی بەدوواداچوونەكانی (خەڵك) ئەوانەی خاوەن هێڵن بۆ بار هەڵگرەكان ژمارەیان بریتییە لە 1500 كەس، بەڵام بەهۆی كێشە و گیرو و گرفتەكان لەم ڕێژەیە 600 كەسیان كار دەكەن لە نێو مەرزی پشتە لە سنوری ناحیەی بەمۆی پارێزگای هەڵەبجەدا.

بە وتەی نوێنەری شۆفێرانی بارهەڵگری مەرزی پشتە، “داهاتی مانگانەی مەرزەكە 6 ملیار دینارە، بەڵام تا ئێستا ڕێگاوبانێكی باشی نییە و لە سەر گیرفانی خۆیان وەك شۆفێران بەشێكی ڕێگاكانیشیان چاككردۆتەوە”.

(خەڵك) پەیوەندی بە بەڕێوبەری ناحیەی بەمۆ لە سنوری پارێزگای هەڵەبجەوە كرد بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر، بەڵام پەیوەندییەكەی بەردەست نەبوو.

No description available.

لای خۆشییەوە بەختیار حسێن، بەڕێوبەری ڕێگاوبانی پارێزگای هەڵەبجە لە لێدوانێكیدا بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لە ماوەی ڕابردوودا بە ئاگاداری بەڕێوبەری ناحیەی بەمۆ، نووسراومان كردووە، كە بڕی 4 ملیار و 30 ملیۆن دینار خەرج بكرێت بە مەبەستی چاك كردنی تەواوی ڕێگای مەرزی پشتە، بەڵام ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەند نەبوو لە سەری و دەكرێت بەهۆی ئەم بارودۆخەی نەبونی بودجە و پارەی پێویست بووبێت.

وتیشی، “لە ئێستادا داوای 400 ملیۆنمان كردووە بۆ چاككردنەوەی ئەو ڕێگایانەی، كە تێكچوون و لەم هەفتەیەدا بەدواداچوون بۆ دەرخستەكان دەكرێت لەناویشیاندا ئەم دەرخستەیەی ئێمە هەیە بۆ ڕێگای مەرزی پشتە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لە سەرەتای وەرزی هاویندا بە بڕی 150 ملیۆن دینار كارمان تێدا كرد، بەڵام هێشتا پێویستی بە چاككردنی زیاتر دەبێت و وەك ئەوە نابێت، كە بەتەوایی چاك بكرێتەوە لە سەرەتاوە.

پێشتر چەندین جار شۆفێرانی بارهەڵگر و هاووڵاتیانی دانیشتوی گوندەكانی سەر ڕێگاكە بە مەبەستی داواكردنی چاككردنی ڕێگاكە خۆپیشاندانیان ئەنجام داوە، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستانی تا ئێستا بودجەی پێویستی بۆ ڕێگاكە خەرج نەكردووە.

No description available.

No description available.

No description available.