سەردێر

ئێران: لەگەڵ ئەمریكا لە بارەی ئاڵوگۆڕی بەندكراوەكان لە گفتوگۆداین

خەڵك

وتەبێژی حكومەتی ئێران ئاشكرایدەكات، دەربارەی ئاڵوگۆڕكردنی بەندكراوەكان لەگەڵ ئەمریكا لە گفتوگۆدان.

عەلی ڕەبیعی وتەبێژی حكومەتی ئێران لە میانی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا لە تاران، باسی لە ئەگەری ئاڵوگۆڕكردنی ئەو بەندكراوانەی هاووڵاتی ئێرانین و لە ئەمریكا یان هەر وڵاتێكی تر بە فەرمانی ئەمریكا بەندكراون، لەگەڵ ئەو هاووڵاتییە ئەمریكییانەی لە ئێران بەند كراون، كرد و وتی: “بە حكومەتی پێشووی ئەمریكا-مان ڕاگەیاندبوو كە ئێمە ئامادەین ئەم كارە ئەنجام بدەین، بەڵام ئەوان دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆیان ڕەتكردەوە و سوربوون لەسەر بە بارمتە هێشتنەوەی ئێرانییەكان”.

وتەبێژی حكومەتی ئێران تیشكیشی خستەسەر ئەوەی، كە هەڵوێستی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا، دەربارەی ئەم بابەتە ئەرێنییە و وتی: “دانوستانەكان دەربارەی ئەم پرسە بەردەوامن. ئەگەر دانوستانەكان بگەنە ئەنجام و بەندكراوە ئێرانییەكان ئازاد بكرێن، ئەوا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا زانیاری دەربارەی ئەم بابەتە دەخرێتەڕوو”.

جێی ئاماژەیە، لە ئەمریكا ژمارەیەك هاووڵاتی ئێرانی بەتۆمەتی پێشێلكردنی سزاكانی سەر وڵاتەكەیان زیندانیكراون، پێشتریش لەنێوان هەردوو وڵاتدا ئاڵوگۆڕكردنی بەندكراوان ئەنجامدراوە كە دواینجار لە حوزەیرانی 2020دا بوو كە ئێران سەربازێكی پێشووی ئەمریكا-ی لە بەرامبەر زانایەكی ئێرانی ئازاد كرد كە لە ئەمریكا زیندانی كرابوو.