سەردێر

ماركا 5 ئەستێرە بۆ بردنەوەی تۆپی زێڕین دیاریی دەكات

خەڵك-
جەماوەریی تۆپی پێ‌، چاوەڕوانی براوەیەكی نوێی تۆپی زێڕین دەكەن لە كۆتایی ئەمساڵ، ئەمەش پاش بردنەوەی هەڵبژاردنەكانی ئەرجەتنین و ئیتاڵیا لە كوپا ئەمریكا 2021 و یورۆ 2020.

ڕۆژنامەی “ماركا”ی ئیسپانی، لیستێكی بڵاوكردۆتەوە كە ناوی 5 ئەستێرە لەخۆدەگرێت بۆ بردنەوەی تۆپی زێڕین لە كۆتایی ئەمساڵ، دوای ئەوەی هەردوو هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و ئیتاڵیا توانییان جامەكانی كوپا ئەمریكای 2021 و یورۆی 2021 بەرزبكەنەوە، ئەمەش كاریگەریی دەبێت لەسەر دیاریكردنی براوەی نوێی خەڵاتەكە كە لەلایەن گۆڤاری “فرانس فوتبوڵ”ەوە دەبەخشرێتە باشترین یاریزانی ساڵ.

بەپێی ئەو ناوانەوە بێت كە لەلایەن ڕۆژنامەی “ماركا”ی ئیسپانییەوە دیاریی كراون، ناوی لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتین و یانەی بەرشەلۆنە لەپێش هەموو ناوەكانی ترەوەیە بۆ بردنەوەی خەڵاتی تۆپی زێڕین، ناوی دووەمیش جۆرجینۆی ئیتاڵیایە كە لەگەڵ هەڵبژاردەكەی بوونە پاڵەوانی ئەوروپا و لەگەڵ یانەی چێڵسی ئینگلیزیش خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپای بردەوە، سێیەم ناویش رۆبرەت لیڤاندۆڤسكی پۆڵەندییە و چوارەم ناویش جۆرجیۆ كیلینی ئیتاڵییە، دوایین ناویش كە لەلایەن ڕۆژنامەی “ماركا”وە بۆ بردنەوەی نازناوەكە كاندیدكراوە، هاری كینی ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئینگلتەرایە.