سەردێر

بارزانی و عەبادی كۆبوونەوە

خەڵك-
بۆ یەكەمجار و لەدوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر لە هەولێر كۆبوونەوە.

حەیدەر عەبادی، ماوەی سێ‌ ڕۆژە گەیشتۆتە هەرێمی كوردستان و لە سلێمانی لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆمار و هەردوو هاوسەرۆكی یەكێتی كۆبووەوە.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانیی نەسر گەیشتە هەولێر و لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبووەوە.

ئەم كۆبوونەوەیەی بارزانی و عەبادی بە یەكەم كۆبوونەوە دێت لەدوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017، كە عەبادی دژایەتی خۆی بۆ ڕیفراندۆمی 25ی ئەیلولی 2017 ڕاگەیاند و بەهۆیەوە سوپا و حەشدی شەعبی بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم (ناوچە جێناكۆكەكان) جوڵاند و لە چەند شوێنێك پێشمەرگە شەهید و بریندار كرا و بەهۆیەوە بەشێكی خاكی كوردستان لەژێر دەستی پێشمەرگە دەرهێنرا.