سەردێر

قاسملوو بەخشینی گیان لە پێناو ئاشتیدا

ساڵوەگەڕی تێرۆری عەبدولڕەحمان قاسملووە

خەڵك
ئەمڕۆ ساڵوەگەڕی تێرۆركردنی عەبدولڕەحمان قاسملوو سیاسەتمەداری بەنێوبانگی كورد و سكرتێری پێشووتری حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانە.

عەبدولڕەحمان قاسملوو لە ٢٢ی كانوونی یەكەمی ساڵی ١٩٣٠ زایینی‌دا لە شاری ورمێ لە بنەماڵەیەكی خاوەن موڵكی دەست ڕۆیشتوودا لە دایك بوو. خوێندنی سەرەتایی‌و ناوەندی، پێشان لە ورمێ‌و دوایی لە تاران تەواوكرد.

ھێشتا زۆر منداڵ بوو كە لەگەڵ مەسەلە سیاسیی‌یەكان ئاشنا بوو و بیرو باوەڕی ئازادیخوازانە لە مێشكی‌دا جووڵا. بۆ خۆی لەم بارەیەوە لە كتێبی “چل ساڵ خەبات لە پێناوی ئازادی‌”دا پاش باسی سەفەری ٣٠ كەس لە كوردەكان بۆ باكۆ لەسەر بانگھێشتنی سۆڤێت، دەنووسێت: “ھەر چەند ئەو كاتە من تەمەنم یازدە ساڵ بوو، بەڵام وەك زۆر منداڵی ئەو سەردەمە سیاسەت سەرنجی ڕاكێشا بووم”.

عەبدولڕەحمان قاسملوو تێكۆشانی سیاسیی خۆی بە دامەزراندنی یەكێتیی لاوانی دێموكرات لە شاری ورمێ دەستپێكرد. ساڵی 1946 كۆماری كوردستان لە مەھاباد ڕووخا، بە دوای ئەو دا ئەویش بۆ خوێندن چووە تاران‌و دوایی بۆ خوێندن چوو بۆ پاریسی پایتەختی فەرەنسا.

گەیشتنی بە پاریس ھاوكات بوو لەگەڵ دەسڕێژی گولە لە شا لە زانكۆی تاران كە بوو بەھۆی لە نێو چوونی ئازادییە دێموكراتییەكان لە سەرانسەری ئێران‌دا. بەو بۆنەیەوە كۆبوونەوەیەكی بەرینی خوێندكارە ئێرانیییەكان لە پاریس پێكھات كە لەوێ دا قاسملوو بە درێژی لە دژی شاو ڕێژیمەكەی قسەی كرد لە ئاكام دا خوێندكاران پەیامێكی ناڕەزاییان بۆ محەممەد ڕەزا پەھلەوی نارد. ئەم كارە بوو بەھۆی فشاری باڵیۆزخانەی ئێران لە پاریس، تەنانەت حكوومەتی فەڕەنسا بۆسەر قاسملوو. سەرئەنجام ناچار بوو پاریس بە جێ بھێڵی و چوو بۆ پڕاگ پێتەختی چێكۆسلۆڤاكیا.

ھەر لەو ماوەیەدا كە لە فەڕەنسا بوو، بە ھاوكاریی چەند خوێندكاری دیكەی كورد «كۆمەڵەی خوێندكارانی كورد لە ئەورووپا» یان دامەزراند.

ساڵی (١٩٦٢) قاسملوو لەزانستگەی پڕاگ دوكتورای زانستی ئابووریی وەرگرت و ھەتا ساڵی (١٩٧٠) لە زانستگەی پڕاگ وانەی ئابووریی سەرمایەداری و ئابووریی سۆسیالیستی و تیۆریی سەرھەڵدانی ئابووریی گوتەوە. لەو ماوەیەدا قاسملوو چەندین كتێب و نامیلكەی لەسەر گیرو گرفتە ئابووریی و كۆمەڵایەتیی و سیاسییەكان نووسی كە لە ھەموویان بە ناوبانگتر كتێبی كوردستان‌و كورد. ئەم كتێبە لە جێدا بە زمانی چێكی نووسراوە، تا ئێستا بە زمانەكانی: ئینگلیزیی سلۆڤاكیی، پۆڵەندیی، عەرەبیی و كوردیی و فارسیی و ھیندیی و چەند بەشیشی بە فەڕەنسایی چاپ و بڵاوكراوەتەوە.

قاسملوو زمانەكانی كوردیی، فارسیی، توركیی، عەرەبیی، ئینگلیزیی، فەڕەنسایی، چێكۆ ـ سلۆڤاكیی، ڕووسیایی بە باشی دەزانی ‌و بە زۆر زمانی دیكەش وەك ئەڵمانیایی و زمانەكانی سڵاڤ تا ڕادەیەك ئاشنا بوو.

ساڵی 1970 پاش دەرچوونی بەیاننامەی ١١ی ئادار و ڕێككەوتنی نێوان ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەی كورد لە باشووری كوردستان و دەوڵەتی ئەو وڵاتە ئیمكانی تێكۆشانی سیاسیی لە ڕۆژھەڵاتی كوردستان زیاتر بوو. لەو كاتەدا قاسملوو لە ئەوروپا گەڕایەوەو بە ھاوكاریی چەند كەس لە یارانی نێزیكی ئەركی زیندووكردنەوەی ڕێكخراوەكانی حیزبی دێموكراتی بەئەستۆ گرت.

لە كۆنفرانسی سێھەمی حیزب‌دا دوكتور قاسملوو بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی و پاشان بە سكرتێری گشتیی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران ھەڵبژێردراو لەو كاتەوە لە ھەموو كۆنگرەكانی حیزبی دا وەك سكرتێری گشتیی ھەڵ بژێردرایەوە. بەم جۆرە بۆ ماوەی ھەژدە ساڵ وەك ڕێبەرێكی كارزان‌و شارەزا لە پلەی یەكەمی بەرپرسیارێتیدا كاروباری حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانی لە یەكێك لە سەختترین قۆناخەكانی خەباتی ئەم حیزبەدا بەڕێوەبرد.

دوكتور قاسملوو ڕۆژی ١٣ی تەممووزی ١٩٨٩ لە كاتێك دا بۆ دۆزینەوەی ڕێگای چارەسەری ئاشتیخوازانەی كێشەی كورد لە ئێران دا لەگەڵ چەند نوێنەری حكوومەتی كۆماری ئیسلامی ئێران لە ڤییەنا لەسەر مێزی وتووێژ دانیشتبوو لەگەڵ عەبدوڵڵای قادری ئازەر ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی و نوێنەری حیزب لە ئەورووپا بە دەستی نوێنەرانی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ وتووێژی ئاشتی، تێرۆركران. ھەر لەو تیرۆرە دا دوكتور فازل رەسووڵ، ھاوڵاتی باشووری كوردستان كوژرا.

فیلیپ بولانژێ، پڕۆفیسۆری فەڕەنسایی دەڵێت: عەبدولڕەحمان قاسملوو، سكرتێری گشتیی حیزبی دێموكڕات، ئاكادیمیسییەنێكی ناسراو بوو، نە تەنیا بابەت و گوتاری ئاكادیمی دەنووسین: ئەو بە ڕاستی مرۆڤێكی یەكجار زۆر بەكردەوە بوو، واتە نەتەنیا ڕێبەرێكی سیاسی دوور لە مانۆڕدان و بەرپرسێكی بە ئەزموونی حیزب بوو، بەڵكوو سەرۆكێكی ئازاش بوو.

دوكتور قاسملوو لەكاتێكدا تێرۆر كرا كە بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەكی ئاشتییانە بۆ مەسەلەی كورد لە ئێران و بۆ وەدەستەھێنانی مافە سیاسیی و مرۆییەكانی گەلی كورد چووبووە ئەم دیدارە.

سەرەڕای بەڵگەكانی كاتی تێرۆر كە دەوڵەتی نەمسا ڕێگای بە پۆلیس و دەزگای دادی خۆی نەدا لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكان بە ئەنجام بگەیەنن؛ لە ئاكامدا ئەم تاوانە كەم وێنەیە كە لە نێو دڵی وڵاتێكی دیموكراتیكی ئەورووپا دا ئەنجام درابوو بێ سزا مایەوە و دۆخە یاسایییەكەی ھیچ كات چارە نەكرا.