سەردێر

“هیچ بیانوویەك بۆ لێبڕینی مووچە نەماوە”

خەڵك-

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد، 200 ملیار دینارەكەی بەغدا خرایە سەر هەژماری بانكی هەرێم و پەڕلەمانتارانیش دەڵێن: “هیچ بیانوویەك بۆ لێبڕینی مووچە نەماوە”.

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بڵاویكردەوە، حكومەتی عێراق 200 ملیار دینارەكەی خستۆتە سەر هەژماری بانكی وەزارەت لە لقی هەولێری بانكی ناوەندی.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عێراق لە هەژماری خۆی ڕایگەیاند، 200 ملیار دینارەكە گەیشتە هەرێم و هیچ بیانوویەك بۆ بەردەوامی لێبڕینی مووچە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە نەماوە.

وتیشی، “بەپێی یاسای بوودجەی عێراق، نابێت حكومەتی هەرێم چیتر مووچە بە لێبڕینەوە دابەش بكات”.

هاوكات، سەرچنار ئەحمەد، ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان ڕایگەیاندووە، پارەكە بۆ مووچەی مووچە خۆرانی هەرێم نێردراوە و پێویستە حكومەتی هەرێم كۆتایی بەلێبڕینی نایاسایی مووچە بێنێت، چونكە هیچ بەهانەیەك نەماوە بۆ هەرێم كەبەردەوامی بە لێبڕینی نایاسایی مووچە بدات.

جەختیشی كردۆتەوە، نابێت ئەو بڕە پارە بۆ هیچ شتێكی تر خەرج بكرێت جگە لە مووچە نەبێت.

بەپێی رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا مانگانە بەغدا 200 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەنێرێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە لە یاداشتێكیشدا 25 پەڕلەمانتار هەڵوێستان ڕاگەیاندووە و داوای كۆتایی هێنان بە لێبڕینی مووچە دەكەن.