سەردێر

كورد لە ناوچە كێشەلەسەرەكان بایكۆتی هەڵبژاردن دەكات

خەڵك-تەنیا هەورامی

جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی حەمرینی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بوونی میلیشیا شیعەكان لە ناوچە كێشەلەسەرەكان مەترسی لەسەر دەنگدانی كورد بۆ هەڵبژاردنی عێراق دروستكردووە.

بڕیارە 10ی مانگی ئۆكتۆبەر هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەڕلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و بەپێی زانیارییەكانیش، كۆمسیۆن ڕێگای بە كاندیدەكان داوە تاكو بانگەشەكانیان دەستپێبكەن، بەڵام بەهۆی دۆخی گوزەرانی خراپی هاووڵاتیان لەلایەك و بوونی میلیشیا شیعییەكان و نەبوونی پێشمەرگە لە ناوچە كێشە لەسەرەكان ئەگەر هەیە دەنگدەران بەشداری هەڵبژاردنەكان نەكەن.

محەمەد مەحمود جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی حەمرینی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، نەبوونی هێزی پێشمەرگە لە ناوچە كێشەلەسەرەكان زۆر كاریگەری دەبێت لەسەر ڕێژەی بەشداریكردنی دەنگدەران.
وتیشی”ئەو ڕۆژانەی خەڵك دەڕوات بۆ دەنگدان، كۆمەڵێك میلیشیا لەناو شار و دەوروبەری شارەكاندان، هەمووی چەكدار و سەر بە حەشدە و دەیان جۆر حەشدیشمان هەیە جگە لەوەی هێزی عێراقی لێرەیە، ئەمانە ڕۆڵ خراپیان هەیە لەسەر دەنگدانی هاووڵاتیان”.
ئاشكراشیكرد، چاریشمان نییە و ناچارین هانی خەڵك بدەین بچن بۆ سەر سندوقەكانی دەنگدان.

ڕوونیشیكردەوە، هەڵبژاردنەكانی پێشوو پێمشەرگە لەناو شارەكەدا و لە دەروبەری ناوەندەكانی دەنگدان لەپاڵ پۆلیسی عێراقیدا بوونیان هەبوو، بەڵام دەنگدان لە 2018 و ئێستاش هەموو هێزە ئەمنییەكان هەمووی هێزی عێراقی و حەشد بێت لە ڕِووی مەعنەوەییەوە بۆ خەڵكی كورد زۆر خراپە.