سەردێر

ڕوسیا: ئەگەری كشانەوەی ئەمریكا لە ڕۆژئاوای كوردستان لە ئارادایە

خەڵك-

نوێنەری تایبەتی پۆتین بۆ كاروباری سوریا ڕایدەگەیەنێت، ئەوەی ئێستا لە ئەفغانستان ڕوویداوە و ئەمریكا لەناكاو هێزەكانی كشاندۆتەوە، ئەگەری هەیە لە ڕۆژئاوای كوردستانیش ڕووبدات.

ئەلكساندر لاورنتیف، نوێنەری تایبەتی پۆتین بۆ كاروباری سوریا ڕایگەیاند، كوردەكانی سوریا لە ئێستادا لەگەڵ ئەمریكا هاوپەیمانی یەكترن و پشتیان بە ئەمریكا بەستووە لە ناوچەكانی باكووری سوریا، ئەمە لەكاتێكدایە لەوانەیە ئەمریكا لەناكاو هێزەكانی لە سوریا بكشێنێتەوە.

وتیشی، “ئەوەی ئێستا لە ئەفغانستان خەریكە ڕوودەدات پەیامێكی ڕوونە بە كوردەكانی سوریا”.

ئاشكراشیكرد، هەمیشە وتوومانە دەبێ كوردەكان لەگەڵ دیمەشق دانووستان و گفتوگۆ بكەن و بگەنە ڕێگاچارەیەك، كە بۆ هەردوولا قازانج بێت.

لە هەفتەی ڕابروودا لە بڕیارێكی لەناكاودا ئەمریكا هێزەكانی لە ئەفغانستان كشاندەوە و بەو هۆیەوە بزووتنەوەی تاڵیبان دەستی بەسەر 85%ی خاكی ئەو وڵاتەدا گرتۆتەوە.