سەردێر

سێ‌ ژێردەریایی ئەتۆمی ڕوسی زەنگی هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی سێیەم لێدەدەن

خەڵك-
بەهۆی چوونە ناوەوەی سێ‌ ژێردەریایی ئەتۆمی ڕوسی بۆ ئاوەكانی بەڵتیك لەكاتێكدا مانۆڕی سەربازی وڵاتانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە دەریای ڕەش ئەنجام دەدرێت، زەنگی هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی سێیەم لێدەدرێت.

ئیمۆجین برودیك، ڕۆژنامەنووس لە ڕۆژنامەی (سەن)ی بەریتانی لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، پێویستە وریابین لە هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی سێیەم، چونكە ژێردەریاییە ئەتۆمییەكانی ڕوسیا چوونەتە ناو ئاوەكانی بەڵتیك و هەروەها كەشتییەكی جەنگی ئەمریكیش لەناو دەریای ڕەشە.

ئاشكراشی كردووە، كە ژێردەریاییە ئەتۆمییەكانی ڕوسیا بەناوەكانی (ئۆریۆڵ، كنیاز ڤلادیمیر، فیبر) چوونەتە ناو دەریای بەڵتیك بۆ بەشداری لە نمایشی دەریایی لە سنات بترسبۆرگ و بۆ ئەوەش هۆشداری دەدات، كە “ئەوە بۆ یەكەمجارە 3 ژێردەریایی ئەتۆمی لە یەك كاتدا بچنە ئەو دەریایەوە”.

بە پێی ڕاپۆرتەكە، چوونی ئەو كەشتییە ئەتۆمیانە بۆ دەرخستنی بەهێزی ڕوسیایە.

دەشڵێت: “مەترسییەكە لەوەدایە، كە لە هەمان كاتدا كەشتییەكی جەنگی ئەمریكا چۆتە دەریای ڕەش بۆ بەشداری لە مەشق و مانۆڕی هێزە هاوپەیمانەكان، كە 31 وڵات تێیدا بەشدارن لەنێویشیاندا بەریتانیا و فەڕەنسا و ژاپۆن و كۆریا”.

ڕۆژنامەنووسە بەریتانییەكە جەختیشی كردۆتەوە، ئایا ئەو هەموو ڕووداوانە، ڕووبەڕووبوونەوەیەكی گاڵتە جارانەیە؟