سەردێر

تاڵیبان گەیشتە سنورەكانی ئێران و مەرزەكانی كۆنترۆڵ كرد

خەڵك-
ئاژانسی دەنگوباسی ئێران بڵاویكردەوە، بزوتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانی، مەرزی سنوری “ئیسلام قەڵا”ی نێوان ئێران و ئەفغانستانی كۆنترۆڵ كرد.

لای خۆیەوە ماڵپەڕی (روسیا الیوم) بڵاویكردەوە”تاڵیبان لە كۆی سێ‌ مەرزی سنوری نێوان ئێران و ئەفغانستان، دوو مەرزی كۆنترۆڵ كردووە”، میدیاكانی ئێرانیش ئاماژەیان بە كۆنترۆڵكردنی مەرزی “ئەبو نەسر فەراهی” كرد لەلایەن بزوتنەوەكە.

پێشتر میدیاكانی ئێران بڵاویانكردەوە كە سەربازە ئەفغانيەكان پەنایان بردووە بۆ بەری سنورەكانی ئێران، دوای ئەوەی تاڵیبان لە بەری ئەفغانستانەوە مەرزی سنوری “ئیسلام قەڵا”ی نێوان هەردوو وڵاتی كۆنترۆڵ كرد.

چالاكوانان لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، دیمەنی ڤیدیۆیی سەربازە ئێرانییەكان و چەكدارانی تاڵیبانیان لە مەرزی سنوری “ئیسلام قەڵا” بڵاوكردەوە.