سەردێر

بە ڤیدیۆ؛ گەنجێكی كورد لە سوید ژنێك لە سووتان ڕزگار دەكات

خەڵك-
دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران ڕایدەگەیەنێت، سێ گەنج، كە یەكێكیان پەنابەرێكی كوردە لە وڵاتی سوید، ژنێك لە باڵەخانەیەكی گڕگرتوو ڕزگار دەكەن.

ئاری جەلال، سەرۆكی دەزگای لوتكە بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، لە سوید پاش ئەوەی دووكەڵ لە باڵەخانەكە بەرزدەبێتەوە و گوێبیستی دەنگی گریانی منداڵ دەبن، سێ‌ گەنج بەناوەكانی (عەبدوڵڵا و ئادەم و یاسمین) بەبێ بیركردنەوە بەرەو باڵەخانەكە دەڕۆن بۆ هاوكاریكردنی نیشتەجێبووەكان.

ئادەم یوسف، گەنجە كوردەكە ڕایگەیاندووە، كە هیچ كاتێكی لەبەردەستدا نەبووە بۆ بیركردنەوە، ڕاستەوخۆ بڕیاریداوە بەسەر باڵەخانەكەدا سەربكەوێت بۆ ڕزگاركردنی یەكێك لەو كەسانەی لەنێو باڵەخانەكەدا بووە.

ئادەم وتیشی، “گوێم لێبوو، كە هاواری دەكرد بۆ یارمەتی، منیش بە خێرایی ئەوەم كرد، كە پێویستبوو بكرێت. ئەم بەیانییە ئەو ئافرەتەم بینییەوە و زۆر سوپاسگوزار بوو. هەستێكی خۆشی پێبەخشیم.”

وەك ئاری جەلال دەڵێت: “لە ئێستاشدا ڤیدیۆكەی ئادەم دەنگدانەوەی گەورەی لێكەوتۆتەوە و لە مانشێتەكانی وڵاتی سویددا سێ گەنجەكە وەك قارەمان باسدەكرێن”.