سەردێر

حكومەتی عیراق لەبارەی پەلامارەكەی فڕۆكەخانەی هەولێر هاتەدەنگ

خەڵك-
وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، بەیاننامەیەك لەبارەی بەئامانجگرتنی فڕۆكەخانەی هەولێر و بنكەی عەین ئەسەد بڵاودەكاتەوە.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن لیوا یەحیا ڕەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدرەكانی عیراقەوە بڵاوكرایەوە”جارێكی تر دوژمنانی عیراق لە ڕق و كینەی خۆیاندا ڕۆدەچن و ئاسایش و سەروەریی وڵات و سەلامەتی هاوولاتیانی دەكەنە ئامانج لەڕێی دەستدرێژی نوێ‌ بۆسەر فڕۆكەخانەی هەولێر و بنكەی عەین ئەسەدی سەر بە وەزارەتی بەرگری عیراق، بەر لەوەش بارەگای نێردە دیپلۆماسییەكانیان كردە ئامانج كە لەژێر پارێزگاریی دەوڵەتدان، ئەمەش پێشێلكارییەكی ئاشكرای یاساكان و دەستدرێژییە بۆسەر شكۆی دەوڵەت و پابەندبوونەكانی دەوڵەت”.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”حكومەتی عیراق لەكاتێكدا بە توندی ئەو هێرشە چەپەڵە ئیدانە دەكات، تەئكید لەسەر لێپێچینەوە لەگەڵ یاسا شكێنەكان دەكات و كار بۆ سەپاندنی ئاسایش و ئارامی دەكات لەپێناو هەنگاونان بەرەو هەڵبژاردنێكی پێخەوش و دادپەروەرانە”.

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق دەڵێت”گۆڕینی واقیعی وڵاتەكەمان بەرەو چاكسازیی و گەشەكردن لەسەر هەموو ئاستەكان (ئەمنی و سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی) لەڕێی یەكڕیزی گەلەوە دەبێت، ڕێگەچارەكانی ئاشتی و جەنگیش تەنیا لە دەستی دەوڵەتدایە، چونكە لەبەردەم خودا و گەل و مێژوودا بەرپرس دەبێت نەك ئیجتیهادی هەندێك لە گروپ و كەسەكان و ئاراستە دیاریكراوەكان، بۆیە حكومەت بەكارهێنانی خاكی عیراق و ئاسایشی هاوولاتیانی ڕتدەكاتەوە و داوای دانبەخۆداگرتن و ڕێزگرتن لە دەرهاویشتەكانی دیالۆگی ستراتیژی دەكات”.