سەردێر

هەرێمی كوردستان.. كۆلێژێكی شوێنەواری دەكرێتەوە

خەڵك – نزار مستەفا

ئەندامی لیژنەی خوێندنەوەی باڵاو پەروەردە لەپەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: بۆ یەكەمین جار كۆلێژێكی شوێنەواری لە هەرێمی كوردستان دەكرێتەوە.


د. زێدان برادۆستی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی خەڵك)ی ڕاگەیاند:”دوای هەوڵ و ماندووبوونێكی زۆرمان لەماوەی ڕابردوو لەسەر كردنەوەی كۆلێژێكی شوێنەواری لە كوردستان و داواكاریمان بە پەرلەمانی كوردستان خۆشبەختانە و پەسەندكردنی داواكارییەكە لەلایەن لە پەرلەمانی كوردستانەوە پەسەندكرا و بڕیاردرا بەكردنەوەی كۆلێژی شوێنەوار و هاوشێوەی پێنج زانكۆی عیراق كۆلیژی شوێنەوار لە كوردستانیش دەكرێتەوە”.

د. زێدان برادۆستی وتیشی:” لەبەرئەوەی كوردستان هەرێمێكی دەوڵەمەندە بەبواری شوێنەواری و هەبوونی ڕێژەیەكی زۆری پارچە شوێنەواری هەیە, هەر بۆ ئەم مەبەستەش پێشنیارمان ئاڕاستە كردووە بەشی شوێنەواری زانكۆی سەڵاحەدین بكرێتە كۆلیژی شوێنەوار”.

ئەو ئەندامەی پەرلەمان ئاماژەی بەوەشدا:”پێشنیارەكەمان لەلایەن وەزیری خوێندنی باڵا و بریكار و سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین و ئەنجومەن و سەرۆك بەش و كۆلیژی ئادابی زانكۆیەكە قبوڵ كراوە, لە داهاتوویەكی نزیكدا كۆلیژی شوێنەوار لە زانكۆی سەڵاحەدین دەكرێتەوە و كارەكانی دەكەوێتە بواری جێبەجێ كردن, ئەمەش سوودی زۆری دەبێت بۆ خوێندكاران”.