سەردێر

هێزەكانی ئەمریكا، گەنم و نەوت لە سوریا بۆ عێراق دەگوازنەوە

خەڵك-

هێزەكانی ئەمریكا دەیان ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری پڕ لە ئازوقە و ئامێری تایبەتیان لە سوریاوە بۆ عێراق گواستەوە و بە پێچەوانەشەوە.
ئاژانسی سانا بڵاویكردەوە، هێزەكانی ئەمریكا زیاتر لە 40 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری پڕ لە گەنم و نەوتیان لە باكوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بەرەو عێراق گواستووەتەوە و هاوكات زیاتر لە 27 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری پڕ لە ئامێری جۆراوجۆر بۆ بارەگاكانیان لە پارێزگاكانی باكوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ناوچەی رومێلان گواستەوە.
بەپێی زانیارییەكان، هێزەكانی ئەمریكا 45 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری پڕ لە گەنم و تەنكەر كە هەڵگری نەوت بووە لە ناوچەی ڕومێلان لە پارێزگای حەسەكەوە و لە ڕێگای خاڵی سنووری وەلیدەوە بەرەو خاكی عێراق گواستووەتەوە.
لە ئێستادا ناوچەی حەسەكە، دیرئەلزور و رەقە لە ڕۆژهەڵات و باكوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكراتدایە و لەژێر پارێزگاری هێزەكانی ئەمریكادایە.
لە ساڵی 2015ەوە هێزەكانی ئەمریكا 9 بنكەی سەربازیان لە ناوچەكە بنیاتناوە و چوار بنكەیان لە نزیكی كێڵگە نەوتییەكانی دیرەزور و 5 بنكەشیان لە پارێزگای حەسەكەن.