سەردێر

عیراق و هەرێمی كوردستان، زیاتر لە 8 هەزار تووشبوون بە كۆرۆنا تۆماركرا

خەڵك –
وەزارەتی تەندروستی عیراق ڕایدەگەیەنێت، 8030 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە، 5789 كەسیش چاكبوونەتەوە، 29 كەسیش بەهۆی پەتاكەوە گیانیان لەدەستدا.


بەپێی بەیاننامەیەك، كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە بڵاوكرایەوە” لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 45 هەزار و 414 پشكنینی تایبەت بە كۆرۆنا ئەنجامدراوە و دەركەوتووە 8030 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و ئەنجامەكانیان پۆزەتیڤ بوون، ئەمەش بە ژمارەیەكی زۆری تووشبوونی ڕۆژانە بە پەتاكە لە وڵاتدا دادەنرێت.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ”زۆرینەی تووشبووەكان لە بەغدا و بەسرە و زیقار تۆماركراون، بەجۆرێك كە لە بەغدا 2341 لە بەسرە 1044 و لە زیقار 739 حاڵەتی تووشبوون تۆماركراون”.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”لە سلێمانی 345 حاڵەت و لە هەولێر 311 حاڵەت و لە دهۆك 415 حاڵەتی تووشبوونی نوێ‌ بە كۆرۆنا تۆماركراون”.
وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاماژەی بە چاكبوونەوەی 5789 تووشبووی كۆرۆنا كردووە، كە زۆربەیان لە بەغدا و بەسرە و نەجەف بوون، ویڕای گیان لەدەستدانی 29 كەس بەهۆی پەتاكەوە كە 3 حاڵەتیان لە سلێمانی و و 3 حاڵەتی تر لە دهۆك تۆماركراون.