سەردێر

هاتووچۆ لە دەروازە سنوورییەكانی ئێران ئاسایی نەبووەتەوە

خەڵك-

كونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر ڕایدەگەیەنێت، هەموو دەروازە سنوورییەكان و هاتووچۆ وەكو پێشوو لەگەڵ هەرێمی كوردستان كراوەیە و هیچ كۆسپێكی لەبەردەمدا نییە.

نەسروڵڵا ڕەشنوودی كونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر بە كوردپرێسی ڕاگەیاند، تەنها لە دەروازەی پەروێزخان دەتوانرێت بەبێ مۆڵەت وەرگرتن لە پارێزگای كرماشان و قائیمقامی قەسری شیرین هاتوچۆ بكرێت، بەڵام لە پارێزگاكانی دیكە بۆ هاتوچۆكردن دەبێت بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگاردا هاتوچۆ بكرێت.
وتیشی”لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا بەبۆنەی بڕیاری ئەنجومەنی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا هاتوچۆ لە دەروازەی حاجی ئۆمەران بۆ ماوەیەك ڕاگیرا، بەڵام بڕیارەكە هەڵوەشایەوە”.

ئاشكراشیكرد، هاتوچۆی بازرگانی و گەشتیاری لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەهیچ شێوەیەك ڕانەوستاوە، بەتایبەت ئەو كەسانەی بۆ نەخۆشی و خوێندن دەچنە ئێران و ئیقامە و ڤیزەی بازرگانیان هەیە بە لەبەرچاوگرتنی ڕێكارەكانی خۆپارێزی دەتوانن سەردان بكەن.