خەڵك-
بەرپرسی لیژنەی داكۆكی لە مافی ڕۆژنامەنووسان لە سەندیكای ڕۆژنامەنووسان ڕایدەگەیەنێت، پێویستە ڕێگایەك بگرینەبەر بۆ ئەوەی ئەو فەوزایەی میدیای تێكەوتووە چارەسەر بكەین.
ئەمڕۆ یەك شەممە مەراسیمی ڕاگەیاندنی ڕێكخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو و لە مەراسیمەكەدا داوای ئازادی ڕادەبڕین و كارئاسانی بۆ ڕۆژنامەنووسان كرا.
نەزاكەت حەمە سەعید بەرپرسی لیژنەی داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان لە سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان ڕایگەیاند، ئێمە ئازادی میدیایمان فەراهەمهێنا، بەڵام ژینگەیەكی تەندروستمان بۆ كاری میدیایی فەراهەم نەهێنا و سەركەوتوو نەبووین لەوەی میدیایەكی هاوسەنگ و بەرپرسمان هەبێت.
وتیشی”ئێمە توانیمان ژمارەیەكی زۆر ڕۆژنامەنووس بەرهەم بهێنین، بەڵام نەماتوانی ڕۆژنامەنووسی بەرپرس بەرهەم بهێنێن”
ئاشكراشیكرد، دەبێت ئێمە لە سەندیكا و ڕێكخراوەكان كار بكەین بۆ ئەوەی ئەم ژینگەی میدیایە تا ڕادەیەك تەندروست بكەین و میدیایەكی هاوسەنگ دروست بكەین، هەركاتێك ئێمە توانیمان ئەو ژینگەیە دروست بكەین زۆر ڕۆژنامەنووس هاوسەنگ دەبێت، چونكە ڕۆژنامەنووس كار لەسەر سیاسەتی میدیاكەی دەكات، بەڵام لەناو ئەو فەوزایە بەشێكی زۆر بووەتە قوربانی.