سەردێر

یەكگرتوو؛ پێویستە حكومەت هەرچی زووە كێشەی مووچە چارەسەر بكات

خەڵك
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پێویستە حكومەت لەگەڵ ئەنجامدانی چاكسازی ڕاستەقینە، زیادكردنی باج و ڕسومات لەسەر هاووڵاتیان سنوردار بكات، دەشڵێت،”پێویستە حكومەت هەرچی زووترە كێشەی موچە چارەسەر بكات لەبەرژەوەندی مووچەخۆران و فەرمانبەران بەگشتی”.

ئەمڕۆ شەممە ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆبویەوە و دوایین گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و هەرێمی كوردستانی تاوتوێكرد و ئەنجومەنەكە لە ڕاگەیەنراوێكداداوا دەكات، كە پێویستە حكومەت هەرچی زووترە كێشەی موچە چارەسەر بكات لەبەرژەوەندی موچەخۆران و فەرمانبەران بەگشتی.

دەقی ڕاگەیەندراوەكە:
بسم الله الرحمن الرحیم
بەلاغی كۆتایی كۆبوونەوەی ئاسایی
ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
ڕۆژی شەممە 3/7/2021 ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە سەرۆكایەتی بەرێز د. هادی سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی و بە ئامادەبوونی بەرێز مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتوو و ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكە تیشكخرایە سەر دوا پێشهات و گۆڕانكاریەكانی ناوچەكە بەگشتی و كاریگەریەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان بەتایبەتی، لەو بارەیەوە كۆبوونەوە هەڵوەستەی كرد لەسەر خراپی بار و گوزرەران و بژێوی هاوڵاتیان و موچە خۆران بەگشتی بەهۆی درێژەدانی حكومەت بە بڕیاری نایاسایی و ناعادیلانەی لێبڕینی (21%) ی موچە، وێڕای نەمانی هۆكار و پاساوەكانی قەیرانی دارایی… لەو باریەوە ئەنجومەنی سەركردایەتی جەختیكردەوە لەسەر ئەوەی كە پێویستە حكومەت هەرچی زووترە كێشەی موچە چارەسەر بكات لەبەرژەوەندی موچەخۆران و فەرمانبەران بەگشتی.
لەلایەكی ترەوە ئەنجومەنی سەركردایەتی جەختی كردەوە لەسەر زەرورەتی رووبەرووبوونەوەی دیاردە ترسناكەكانی وەك ماددەی هۆشبەر و كۆچی بەكۆمەڵی گەنجان و ئەنجامدانی چاكسازی راستەقینە و سنوردانان بۆ زیادكردنی باج و رسومات لەسەر هاوڵاتیان و رێگەگرتن لە بەتاڵانبردنی سامانی گشتی لە داهاتی نەوت و دەروازە سنوریەكان و گێرانەوەی ئەو داهاتانە بۆ خەزێنەی حكومەت و دابەشكردنی بەشێوەیەكی شەفافانە.
هەر لەكۆبوونەوەكەدا ئەنجومەنی سەركردایەتی هەڵوێستەیكرد لەسەر پرسی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و بەرتەسككردنەوەی ئازادیەكان بەگشتی و ئازادای رۆژنامەوانی بەتایبەتی، لەو بارەیەوە جەختی كردەوە لەسەر ئەوەی كە رێزگرتنی تەواو لە ئازادی رۆژنامەگەری و پارێزگاركردن لەسەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری دوو كۆڵەكەی گرنگی سیستمی حوكمڕانی رەشید و دیموكرات.
هەروەك كۆبوونەوەی سەركردایەتی هیوای خواست كە سنورەكانی هەرێمی كوردستان پارێزراوبن لە شەڕ و ئاژاوە و دەستێوەردانی هێزە ئیقلیمیەكان و داوایكرد كە كێشە و ئاڵۆزیەكان بە رێگای ئاشتی و گفتوگۆ چارەسەر بكرێت.
لە تەوەرێكی تردا پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتوێكرا و رۆڵی ئەنجومەنی جێبەجێكردن و دەزگای پەیوەندیدارەكان بەرزنرخاند كە لە ماوەی رابردوودا هەموو هەوڵێكیان خستەگەڕ بەمەبەستی پێكهێنانی لیستێكی فراوان لەدەرەوەی لایەنەكانی دەسەڵات، بەڵام مەخابن ئەو هەوڵەی بە ئەنجام نەگەیشت و لەو بوارەدا كۆبوونەوە داوایكرد كە هاوڵاتیان بە گەرم و گوڕ بچینە سەر صندوقەكانی دەنگدان و هیوای خواست كە هەڵبژاردنەكە لەكەش و هەوایەكی ئارام دا بەڕێوە بچبَت و دووربێت لە دەستێوەردان و ساختەكاریەكان.
لە دوا تەوەرەدا كۆبوونەوەی سەركردایەتی تیشكی خستەسەر كاروباری ناوخۆی حیزب و سوپاس و دەستخۆشی ئاراستەی تێكڕای ئۆرگانەكانی حیزب كرد كە لەماوەی رابردوودا، وێڕای پابەندبوون بە رێنماییەكانی پەیوەیست بە پەتای كۆڕۆنا، ماندوونەناسانە كار و چالاكی كەم وێنەیان ئەنجامداوە و خزمەتی بەرچاویان پێشكەش كردووە لە بوارەكانی هۆشیاری و پەروەردەیی و خێرخوازی بە توێژە هەژار و نەدارەكانی كۆمەڵگە.
لە كۆتایی دا ئەنجومەنی سەركردایەتی تەئكیدی كردەوە كە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان وەك هەمیشە لە بەرەی خەڵك و سەنگەری پشتیوانیكردن لە ماف و خواستەكانی جەماوەری كوردستان دەبێت و ئامادەی هەموو جۆرە خزمەتێكە لەو پێناوەدا .
ئەنجومەنی سەركردایەتی
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
3/7/2021