سەردێر

خەڵك؛ دواین زانیاری لەسەر هەزران كردنی بەنزین بڵاودەكاتەوە

خەڵك-
دوای كۆبوونەوەی ڕابردووی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ پارێزگار و هاوكات لێدوانی وتەبێژیی حكومەت لەسەر كاركردن بۆ هەرزان كردنی نرخی بەنزین، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت: “دوو نووسراومان بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی دارایی كردووە”.

ئازاد محەمەدئەمین، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، لەماوەی ڕابردوودا لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی كۆبووینەتەوە و لە هەوڵەكانمان بەردەوامین بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین.

ڕاشیگەیاند، دوو نووسراومان كردووە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی دارایی تاوەكو لەڕێگەی پاڵێوگەكانی هەرێمی كوردستانەوە بڕێك سووتەمەنی بخرێتە بازاڕی ناوخۆوە و هەروەها باج و ڕسوماتەكان لاببرێت یان كەم بكرێتەوە لانی كەم تا ئەو كاتەی نرخی سووتەمەنی هەرزان دەبێتەوە و چەند پێشنیار و داواكارییەكی ترمان بەرزكردۆتەوە.

جەختیشی كردەوە، لە ئێستتادا چاوەڕێی وەڵامی ئەو دوو وەزارەتەین تاوەكو نرخی بەنزین و سووتەمەنی بەگشتی هەرزان ببێت.

ماوەی مانگێكە نرخی سووتەمەنی و بەتایبەتی بەنزین بەشێوەیەكی بەرچاو گران بووە و ئەوەش نیگەرانی هاووڵاتیانی لێ‌ كەوتۆتەوە لەكاتێكدا لە شارەكانی عێراق لیترێك بەنزین بە 450 دینار دەدرێت بە هاووڵاتیان.